Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێكی یۆنامی لە عێراق و هەرێمی كوردستان سەردانی پەرلەمانی کرد

هەولێر-KDP.info-  لە دیداری نێوان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و شاندی یۆنامی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، جەخت لەسەر پتەوكردنی زیاترى پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یۆنامی كرایەوە.

نێوەڕۆی ئەمڕۆ، پێنچشەممە (١٤/٣/٢٠١٩)، د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، پێشوازیی كرد لە شاندێكی یۆنامی كە پێك هاتبوو لە لەورەنس لیۆ، ئەفسەری باڵای كاروباری سیاسیی یۆنامی لە بەغدا و مونیارادزی مۆتسی، بەرپرسی نووسینگەی یۆنامی لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا لەورەنس لیۆ، ئەفسەری باڵای كاروباری سیاسیی یۆنامی لە بەغدا، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان، بە بۆنەی دەستبەكاربوونیانەوە لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستاندا، پوختەیەك لە كاروبارەكانی یۆنامیی لە عێراق و هەنگاوەكانی نووسینەوەی ڕاپۆرتیك لەسەر بارودۆخی سیاسیی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستانى بۆ سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان باس كرد.

هەر لە دیدارەكەدا شاندەكەی یۆنامی لە عێراق ڕایانگەیاند: "هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و تیمەكانی نەتەوە یەكگرتوووەكانە لە عێراق، هەروەها نیگەرانیی خۆیشیان دەربڕی لە دواكەوتنی پێكهینانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هیوایان خواست لایەنەیە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پەلە بكەن لە پێكهینانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار و پشتیوانی هەموو جۆرە لێكنزیكبوونەوەیەكە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و، بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق".

د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش دوای بەخێرهێنانی شاندی یۆنامی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمانی كوردستان، پوختەیەكی سەبارەت بە كار و چالاكییەكانی پەرلەمان و ڕۆڵی لە دەركردنی یاسا و هەوڵەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە هاوكارى و هەماهەنگیی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانى پەرلەمان كرد بۆ ئەوەی لیژنەكان بە زووترین كات دەست بە كارى خۆیان بكەن بۆ خزمەتكردنی زیاترى خەڵكی كوردستان.

سەرۆکی پەرلەمان باسی لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێ هەمووان بەیەكەوە كار بۆ چەسپاندنی زیاترى بنەماكانی دیموكراسی بكەین.

هەر لە دیدارەكەدا د. ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و ڕایگەیاند: ئێستا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ پەرلەمانی عێراق و حكوومەتی عێراق زۆر باش و ئیجابییە و دەخوازین پەیوەندییەكان بەرەوپێشتر بچن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. هەروەها داوای لە شاندی یۆنامی كرد فشار بخەنە سەر حكوومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی تەواوی بڕگە و ماددەكانی دەستووری عێراق.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەردەوامیی هەوڵەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دووپات كردەوە لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكان لە پێكهینانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان و چڕكردنەوەى هەوڵەكان بۆ باشتر خزمەتگەیاندن بە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی جێبەجێكردنی باشتری یاسا بەركارەكان و هەمواركردنەوەیان یان پێشكەشكردنی پڕۆژەیاساى تر كە بتوانێت خزمەتی زیاتر بە ژیان و گوزەرانی خەڵكى كوردستان بكات."

هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا جەختییان لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان و بەدەوامبوونی كردەوە.