Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"خانووی زێدەڕۆ لە عێراق تاپۆ دەكرێن"

بەغدا-KDP.info- پڕۆژەیاسایەك لە پەرلەمانی عێراق ئامادە كراوە بۆ تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ لە عێراق و بەپێی پڕۆژەكەش ھەموو ئەو خانووانەی تا ساڵی ٢٠١٧ لەسەر زەویی حكوومەت دروست كراون، لەسەر ھاووڵاتیان تاپۆ دەكرێن، نوێنەرێكی كوردیش باوەڕی وایە بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی كورددا دەبێت و دەڵێت، كورد سوودمەندی یەكەمە.

دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، ژمارەیەكی زۆری كورد گەڕانەوە سەر ناوچەكانیان لە كەركووك و خانەقین و دەشتی نەینەوا و مەخموور، بەشێك لەو ھاووڵاتیانە بە ھۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونەوە خانووی زێدەڕۆیان لەسەر زەویی حكوومەت دروست كرد، تەنانەت لە كەركووك چەند گەڕەكێك بە زێدەڕۆ دروست كراون.

بڕیارە لە كۆبوونەوەكانی داھاتووی پەرلەمانی عێراقدا پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی زەویی زێدەڕۆ خوێندنەوەی بۆ بكرێت و پەسەند بكرێت، لەوبارەیەوە ڕێبوار ھادی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "پڕۆژەی تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ لە لایەن ژمارەیەك پەرلەمانتار و لیژنەی پەیوەندیدارەوە ئامادە كراوە و بڕیار بوو خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت و پەسەند بكرێت، بەڵام پڕۆژەكە بۆچوونی جیاوازی لەسەر دروست بوو و بۆ كۆبوونەوەكانی داھاتووی پەرلەمانی عێراق دوا خرا. ئێمە پێمان وایە پڕۆژەیەكی باش و گونجاوە و پێویستە دەنگی لەسەر بدرێت بۆ جێبەجێكردنی".

پەرلەمانتارەكەی پارتی لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی ئەو خانووانەی بە زێدەڕۆیی دروست كراون، ناڵێم سەداسەد، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە بەرژەوەندیی كورددایە، چونكە لە كەركووك و ناوچەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، كورد دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق بێجێگەوڕێگە بوون و ناچار پەنایان بۆ دروستكردنی خانووی زێدەڕۆ برد، بەو پێیەش ھەموو خانووە بێتاپۆكان لەسەر ھاووڵاتیانی كورد تۆمار دەكرێن".

لەبارەی ئەو خانووانەی دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر لەسەر زەویی كورد و حكوومەت دروست كراون، ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت: "ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە، ئەو خانووانە دەگرێتەوە كە تا ٣١/١٢/٢٠١٦ دروست كراون، واتە ئەوانەی دوای ئەو ڕێکەوتە و سەروبەندی ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر دروست كراون، نایانگرێتەوە".

ڕێبوار ھادی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "سەرەتا بۆچوونێكی وا ھەبوو ئەو خانووانە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ بەكرێ بدرێنە ئەو ھاووڵاتیانەی دروستیان كردووە و دوای ٢٥ ساڵ لەسەریان تاپۆ بكرێت، بەڵام ئەوە شكستی ھێنا و ئەگەر پەسەند كرا یەكسەر لەسەریان تاپۆ دەكرێت، ھەر ھاووڵاتییەكیش تا پێش ساڵی ٢٠١٧ خانووی لەسەر زەویی حكوومەت و گشتی دروست كردبێت و بەڵگەی سەلمێنەری ھەبێت، لەسەری تاپۆ دەكرێت".

قائید میرۆ