Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بارزانیی نەمر سەختترین خەبات.. بەهێزترین رابەر

هه‌ولێر-KDP.info-مستەفا بارزانیی نەمر، لە 14/3/1903 لە بارزان لە دایك بووە.. لە تەمەنی 3 ساڵیدا بە هۆی هەڵوێستی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی بنەماڵەكەیانەوە‌ خراوەتە زیندانەوە.. لە تەمەنی 19 ساڵیدا سەركردایەتیی هێزێكی بارزانییەكانی كردووە لە چوونیان بۆ پاڵپشتیی‌ شۆڕشی شێخ مەحموود لە سلێمانی.. لە سەدەی رابردوودا بەشدار و هەڵگیرسێنەر و سەركردەی حەوت شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستان بووە، شۆڕشەكانی بارزان لە ناوەڕاستی سییەكان، شۆڕشەكانی بارزان لە 1943-1945، شۆڕشی پێشەوا قازی و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان.. دامەزرێنەری گەو‌رەترین و بەهێزترین حزبی كوردی و كوردستانییە لە مێژووی نوێی كوردستاندا كە ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە.. لە 1946 بەرگرییەكی زۆر ئازایەنەی لە كۆماری كوردستان كرد و دواتر لە یەك كاتدا لەناو هەرسێ پارچەكانی رۆژهەڵات و باشوور و باكوور لەگەڵ هەرسێ دەوڵەتی ئێران و عێراق و توركیا شەڕی كرد و سەرەئەنجام دوای ئەوەی زیانێكی زۆری پێ گەیاندن، توانی خۆی و هێزەكەی دەرباز ببن و لە رێڕەوێكی ئەفسانەییدا لە ئاوی ئاراس ببپەڕنەوە و خۆیان بگەیەننە سۆڤیەت، كە ئەو رێڕەو و پەڕینەوەیە بووەتە داستانێكی نموونەیی و تەنانەت چەندین لە گەورە مێژووناس و بیرمەندانی بیانی باسیان لێوە كردووە و هاوتایان كردووە بە چەند‌ رێڕەو و داستانێكی دیكەی جیهانی، كە لە رابردوودا لەلایەن سەركردە و رابەرانی گەلانی دیكەوە ئەنجام دراوە‌..  لە 1947 تا 1958 بە هۆی گەلەكۆمە و زۆرداریی داگیركەرانەوە دەرفەتیان بۆ مانەوە و خەباتی چەكداری لە كوردستاندا نەهێشت، بۆیە بارزانیی نەمر لەگەڵ نزیكەی 500 لە هەڤاڵەكانیدا‌ لە سۆڤیەت ژیان و لەوێ خەباتێكی سیاسی و دیبلۆماسی گرنگیان ئەنجامدا.. شۆڕشی ئەیلوول كە بە بەهێزترین و دریژترین شۆڕشی سەرتاسەری و نیشتیمانی دادەنرێ لە 11/9/1961 لەسەر دەستی ئەم رابەرە هەڵگیرسا و ماوەی نزیكەی 14 ساڵ درێژەی كێشا و بارزانیی نەمر سەركردایەتی كرد.. لە 11ی ئازاری 1970 رژێمی بەعسی داگیركەری ناچار كرد دان بە بوون و بەشێك لە مافەكانی كوردا بنێ و رێككەوتنی 11ی ئازاری پێ واژ و بكات، كە بە یەكەمین دەسكەوتی فەرمی و یاسایی و نەتەوەیی دادەنرێ لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا.. بارزانیی نەمر بە درێژایی ژیان و خەباتی هەر چوار دەوڵەتی داگیركەری ئێران و عێراق و توركیا و سووریا و چەندین وڵاتی دیكەی ناوچەكە و جیهان و تەنانەت دەستی رەشی ناوخۆش دژایەتی بارزانیی نەمر و شۆڕش و خەباتەكەیان كرد و پیلان و پەلاماری سەربازی و سیاسی و رێگەی هەموو جۆرە شەڕێكیان لە دژی گرتە بەر، بەڵام كۆڵی نەداو تەسلیم بە مەرام و فشاری هیچیان نەبوو، پاڵەوانانە شەڕی هەموویانی كرد و بەرامبەریان راوەستا و دۆزی میللەتەكەی بەرز راگرت و سازشی لەسەر ماف و خواستە رەواكانی گەلەكەمان نەكرد..

بارزانیی نەمر شۆڕشی لە ناوچەییەوە گۆڕی بۆ سەرتاسەری

كاتێ لە ئازاری 1974 رژێمی ئەوسای عێراق لە رێككەوتنامەی 11ی ئازار پاشگەز بووەوە و شەڕی دژ بە گەلەكەمان و شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێكردەوە، لە ژێر سەركردایەتیی بارزانیی نەمر بەرگرییەكی زۆر كاریگەر كرا، تا لە سەرەتای مانگی ئازاری 1975 ئەو رژێمەی گەیاندە چۆكدادان، بەڵام رژێم ناچار پەنای بۆ ئێران و بەرژەوەندپەرستانی ناوچەكە و جیهان برد و هەموویان پێكەوە شۆڕشەكەیان بۆ ماوەیەكی كاتی راگرت.. بارزانیی نەمر لە مێژووی دوور و نزیكی گەلەكەماندا یەكەمین سەركردە و رابەرە كە شۆڕش و خەبات و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد و كوردستانی لە ناوچەییەوە گۆڕی بۆ سەرتاسەری.. لە سەردەمی خەبات و سەركردایەتی بارزانیی نەمردا كێشەی كورد و داوا رەواكانی گەلەكەمان گەیشتە زۆربەی وڵاتانی دنیاو دەنگ و رەنگی شۆڕشی هەقخوازانەی كوردی بە جیهان ناساند.. تاكە سەركردەیە كە زیاتر لە نیو سەدە بە بێ راوەستان لە شۆڕش و تێكۆشاندا بوو، تاكە سەركردەشە‌ كە هیچ سەركردەیەكی دیكەی كوردستان هێندەی بارزانیی نەمر رێگای خەباتی سەخت و پڕ كەند و هەوراز و نشێو و كۆسپی نەبووە، لە ساڵانی خەباتیدا دووچاری دەیان پیلانی قورس كراوە و لە نێویشیاندا دوو پیلانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی 1947 و 1975، بەڵام هەموویانی بەزاند‌.. لە نێو ئەم فرە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیەی لە كوردستاندا هەیە،‌ هیچ سەركردەیەك هێندەی بارزانیی نەمر لایەنگر و دڵسۆز و شوێنكەوتووی  نییە،‌ بە بێ جیاوازیی رەگەز و نەتەوە و ئایین و مەزهەب هەمووان بە رێژە و ئاستی جودا جودا چ ئێستا و چ لە رابردوودا لەگەڵ بارزانی و حزبەكەی و رێبازەكەیدا بوونە.. تا ئێستا دیارترین سەركردە و رابەرە كە دوای وەفاتی ناو و خەبات و ئاسەواری شۆڕش و تێكۆشانەكانی بە زیندوویی ماونەتەوە..‌ یەكەمین سەركردە و رابەریشە كە تا ئێستا زۆرترین كتێب و باس و نووسین لەسەر بیر و كەسایەتیی بەرزی خۆی و بەهێزی و كاریگەریی شۆڕشەكانی و خەباتەكەی نووسرابێت، ئەوەش نەك هەر لە ناوخۆی كوردستان، بەڵكوو لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهانیش چەندین گەورەنووسەر و مێژوونووس و كەسایەتیی جیاجیای سیاسی و سەربازیی بیانی بە چەندین زمان كتێب و وتار و باسی گرنگیان لەسەر بارزانیی نەمر نووسیوە.. لە چەندین مۆزەخانەی نێودەوڵەتی لە وڵاتان وێنە و پەیكەری بۆ دروست كراوە و لە ریزی گەورەسەركردەكانی جیهاندا دانراوە.. ئێستا رۆڵە پێشمەرگەكەی ئەو، سەرۆكی حزبەكەی ئەو مەرجەعی نەتەوەكەیەتی و لە پشت ئەو خەبات و رێبازەی بارزانی باوك و حیكمەتی سەركردایەتیكردنی خۆیەوە‌‌ نەك هەر لەسەر ئاستی كوردستان پێشەنگە، بەڵكوو لە هاوكێشە ناوچەیی و جیهانییەكانیشدا پێگە و رۆڵی كاریگەری هەیە.. ئێستا حزبەكەی بارزانیی نەمرە دەسەڵاتداری ئەم هەرێمی كوردستانەیە، حزبەكەی ئەو رابەرە مەزنەیە كە چۆن لە خەباتی شاخ پێشڕەو بوو، هەنووكە لە خەباتی شار و لە شۆڕشی دیموكراتی و مەدەنی و بەڕێوەبردن و پێشخستنی كۆمەڵگا و قەوارەی كوردستانیشدا هەر پێشڕەوە، ئێستا پارتەكەی بارزانیی نەمر یەكەم و سەرەكیترین حزبی كوردی و كوردستانییە و لە هەموو پرۆسەكانی هەڵبژاردندا زۆرینەی جەماوەر متمانەی پێدەدەن و بە یەكەم دەریدەچوێنن .. هەر حزبەكەی بارزانیی نەمر بوو لە 25ی ئەیلوولی 2018 وجاخی 11ی ئەیلوول و‌ 11ی ئازارو راپەڕینی رۆشنتر كردەوە و دەسكەوت و دۆكیۆمێنتیكی دیكەی بەخشییە كاروانی خەباتی مافخوازی كورد و ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی ئەنجام دا.

 

ماڵپه‌ڕیKDP- قاره‌مان مه‌هدی