ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتى ناوەند مووچەی مانگی سێ و جیاوازییەکانی مانگی یەک و دووی خستووەتە سەر حسابی هەرێم. ئەوەیشی گوت، کە تەنیا مووچەی پێشمەرگە ماوە ڕەوانە بکرێت.
دانا شەهید جەزا لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "حکوومەتی ناوەند، بە نووسراوی ژمارە ٥٢٧٠، کە ڕێکەوتی ١٠ی٣ی٢٠١٩ی لەسەرە، بڕی ٧٢٤ ملیار و ٨١٩ ملیۆن دیناری خستووەتە سەر حسابی بانکی هەرێم."
ناوبراو ئەوەیشی ڕوون کردەوە، کە ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی، بڕی ٤٥٤ ملیار و ٣١٩ ملیۆن دیناریش بۆ مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانە و باقییەکەی دیکەیشی، جیاوازییەکانی مووچەی مانگی یەک و دووی ٢٠١٩یە.
سەبارەت بە ناردنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگەش، ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بە بەوەدا، کە تەنیا لەسەر ئەوە ماوە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماری هێزەکانی ڕەوانەی وەزارەتی بەرگری بکات.
خێڵان بەختیار