Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی، قەڵغانی نیشتمانە

 
محەمەد کەلاری
 
لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستاندا بارزانییەکان و پارتی هەمیشە لە سێرەی دوژمندا بوونە و ئامانجپێکراوی سەرەکی بوونە، دەزانن بۆچی؟ روونە کە نەیار هیچکات وزەی خۆی لە ئامانجی لاوەکی بەفیڕۆ نادا، دەیەوێ "سەر" بپیکێت، "سەر" بە مانای میشک، بە واتای شوێنی بەڕێوەبردنی پرۆسە.
 
لە مێژووی دوور گەڕێ، هەر لەم چەند ساڵە کەمەی رابردوو، هیچ ئامراز و پیلان و هەوڵێک نەما لە سێرەگرتن لە پارتی و بارزانی لە دژی کوردستان تاقی نەکرێتەوە، ئاکامەکەی چی بوو؟ پووچەڵ کردن.
 
لە رووی ئابوورییەوە، بە نایاسایی و ناشەرعی میلەتێکیان نانبڕاو کرد..
لە رووی ئەمنییەوە، گەورەترین و دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی پەلاماری خەڵک و خاکیان دا.
 
لە رووی سەربازییەوە، بە نوێترین چەک و ئامرازی جەنگیی مۆدێرن هەوڵی داگیرکارییان دا.
 
لە رووی دیبلۆماسییەوە، سنوورمان بەسەردا داخراو هەڕەشەیان لی دەکردین..
ئەی ئەنجام؟
 
پارتی و بارزانی، شانیان دایە بەر ئەرکە سەختەکە و، وەک هەمیشە نیشتمانیان لە مەترسییەکان پاراست و نموونەیەکی لێهاتووییانەی حوکمڕانییان پێشکەش کرد، هەم شکۆی کوردستانیان پاراست و، هەم بە ئیرادەیەکی چەقبەستووی نەتەوەیی هەڵێنجراو لە رێبازی بارزانییەوە ریفراندۆمی سەربەخۆییخوازی ئەنجامدا، تیایدا بۆ یەکەمین جار لە تەواوی خاکی باشووری کوردستان بە دەنگی خۆیان ئایندەیان بۆ رۆڵەکانیان نووسییەوە.
وتراوە "ئەو لێدانەی کە نەتکوژێت، بەهێزت دەکات"، هەر وایە، لەئێستادا "پارتی و بارزانی و کوردستان"کە سیانەیەکی لێکدانبڕاون، بەهێزتر لە جاران سەنگ و دەنگیان هەیە، چ لەسەر ئاستی نێوخۆ یان هەرێمی یاخود نێودەوڵەتی. ژمارە بە تەنیا مانا و بەهایەکی نییە، بەڵام کاتێک لە هاوکێشە بەیەخدارەکاندا رۆڵی خۆی بینی، ئەوکات کاریگەری و لێکەوتەی بەهێزیشی دەبێت، دروست بۆ "پارتی"ش هەر وایە، ژمارە سەخت و قورسەکەی هاوکێشەی سیاسی کوردستانە، ئەگەرچی لە رووی ژمارە و ناوو فۆرمەوە، حزبی سیاسی لە کوردستان زۆرن، بەڵام پارتی وەک ناوو ناوەڕۆک، وەک خزمەت و هەڵوێست، وەک کار و کاردانەوە، بە جیاوازی زۆر لەپێشەوەیە، ئەم پیشەوەییەش پێشەواییەتییە، پێشەوایەتییەک کە گەل لە میانەی پرۆسەیەکی دیموکراسی بۆی تەرجەمە کردووە بۆ رێپێدانێکی میللی، بۆ ئەوەی ببێتە سپەڕ (قەڵغان)ی نیشتمان.
 
بەڕێوەبردنی قەیران و مەترسییە جدییەکان لەسەر ئاستی گشتی کارێکی ئاسان نییە، هەم هیممەت و هەم لێهاتوویی دەوێ، پێنج ساڵی رابردوو بۆ هەرێمی کوردستان دووڕیانێکی سەخت و پڕ مەترسی بوو، هەندێ لە دۆستان دەمامکیان فڕێداو رووی راستەقینەیان پیشان داین، هاوڕێی نیوەڕیگەش لە جیاتی بەشکردنی زەحمەتیی تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، سەرگەرمی خوێنبەردانی زیاتر بوون لە نیشتمان، بەڵام لەبەرئەوەی لە پووچەڵکردنەوەی مینەکان گەل متمانەی بە "پارتی" هەبوو، پارتیش هێزە پتەوەکەی لەو متمانەیەوە سەرچاوەی گرت، بۆیە گەڕی ئەم جارەی "زنجیرە هەوڵەکانی لەباربردنی کوردستان" لەبار برا، پارتی و بارزانی و کوردستانیش بەسەربەرزی لێی هاتنە دەرەوەو، هەم سوپاسی خەڵکی کوردستانیان کرد بۆ خۆڕاگرییان، هەم داوای لێبوردنیشیان کرد بۆ هەر ناسۆری و ناڕەحەتییەک کە لە پینج ساڵی رابردوو چەشتوویانە و ملکەچییان رەتکردۆتەوە، ئەمەش فەزیلەتێکە لە رێبازی بارزانیدا بە زەقی رەنگیداوەتەوە.