Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیرادە و سەرکەوتن

هاودەنگ فاروق

ئیرادە ڕۆڵێکی گرینگی هەیە، لە پێناوی مانەوە، ڕووبەڕووبونەوەی دۆخی نالەبار، ئیدارەدانی ئەزمات و گەیشتن بە سەرکەوتن، لێرەدا بەرپرسیارێتی مێژوویی ڕۆڵ دەبینێ، کە تۆ چۆن بۆ مێژوو کار دەکەیت، چۆن بۆ بنیادنانی وڵاتێک ئیش دەکەیت.

لە سەردەمی حکومڕانێتی کوردیدا، ڕەنگە یەکەم جار بێت، کوردستان بەم دۆخە یەکجار سەختەدا تێپەڕبووبێت، کێشەکان هەمەلایەنەبوون، حکوومەتی کوردستان، لە سێ ساڵی ڕابردوودا، لە ڕووی عەسکەری، ئەمنی، سیاسی و دیبلۆماسی، ئابووری و ناکۆکی ناوخۆ، دووچاری یەکێک لە قۆناغە دەگمەنە مێژووییە هەرە سەختەکان بوو.

پارتی کەوتە بەردەم ئەزموونێکی گەورە، تەحەدییەکی مەترسیدار، بەڵام بە ڕێنوێنی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی توانی سەرکەوتووانە لەم ئیمتیحانە سەختەدا دەرچێت، ئەگەر هەر حزبێکی کوردی لە مەوقیعی پارتی بوایە تێکدەشکا و نەیدەتوانی لە بەردەم ئەو هەموو گەلەکۆمەکێ و پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکییەدا خۆی ڕاگرێت.

کاک نێچیرڤان وەک شەخسیەتێکی سیاسیی و یاریکارێکی بە ئەزموونی دیبلۆماسی ڕۆڵێکی زۆر گرینگ و کاریگەرانەی هەبوو، لە تێپەڕاندنی تەنگژەکان، هونەرێکی زۆر سەرکەوتوانەی تاقیکردەوە، توانی وەک ئەندازیارێکی داهێنەر، هاوسەنگییەکان ڕابگرێت، نەهێڵێ حکوومەت بکەوێت، ئەگەر چی حزبەکان لە نیوەی ڕێگادا بەجێیان هێشت، بەڵام خۆی و کاک قوباد وەک یەک تیم کاریان کرد و کەلێنەکانیان پڕکردەوە.

نێچیرڤان بارزانی توانی حزبەکان و خەڵکی کوردستان لە بەردەم مێژوو و بەرپرسیارێتی گەورە ڕابگرێت. ئەوەی کردی بۆ کورد نموونەیەکی مەزن و ناوازە بوو، تۆماری مێژوویەکی نوێ بوو، دەرسێک بوو لە خۆڕاگریی و ڕووبەڕووبونەوەی تەحەدییەکان، هەروا ئیشکردنێکی هونەرمەندانە بوو بۆ تێپەڕاندن و ئیدارەی ژیرانەی دۆخەکە.

قسەیەکی سەرۆکوەزیران هەبوو، لە زۆر کۆنفرانس و بۆنەکان دووپاتی دەکردەوەو دەیگووت: کە دەستکەوتێک، سەرووەرییەک دێتە دی، حزبەکان هەموویان دەبنە برا بەش و بە هی خۆیانی دەزانن، وەختێکیش دەکەوینە قۆناخی سەختیی و بەرپرسیارێتییەکان هەموویان ڕادەکەن و خۆیان دەدزنەوە، مەسئولیەتەکە بە تەنیا بۆ پارتی دەهێڵنەوە.!

ئەگەرچی حزبەکانی ناو حکوومەت و دەرەوەی حکوومەتیش باسی سەرزاریان، یەکڕیزی و یەکێتی نێوان حزبەکان و خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام بۆ مێژوو، ڕێک پێچەوانەی پرەنسیپی هاوبەشی و یەکگرتوویی ڕەفتاریان دەکرد، تەنیا پارتی شانی دەدایە بەر بەرپرسیاریەتەکان، ئەوان ئیشیان ژەهر ڕشتن بوو، هه‌ندێك له‌ میدیاكان بۆ دڵساردکردنەوەی خەڵک و لاوازکردنی ئیرادەی گەل، تۆمەتیان دەبەخشییەوە و ڕەخنەی ڕووخێنەریان ئاراسته‌ ده‌كرد.

بەڵام بە هێز و ئیرادەی لە بننەهاتووی سیاسی و دیبلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی توانرا لە زەمەنێکی کەمدا هەموو ئەو بەستەڵەکانە بتوێنرێنەوە، کلیلی شکاندنی ئابلۆقەی سیاسیی و دیبلۆماسی بدۆزرێتەوە، هاوسەنگی هێزی هەرێمی کوردستان، بگێڕدرێتەوە ناو گەمە سیاسییەکانی عێراق و ئیقلیم و نێودەوڵەتی، کە لە ڕاستیدا ئەوە کارێکی ئاسان نەبوو، نزیک بوو لە مەحاڵ، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ بەرهەم و کاریگەرییەکانی بەسەر گەشانەوەی هەمەلایەنەی ژیان و ئاوەدانی هەرێمی کوردستان دەبینین، وەک ئەوەی بینیمان بڕیاری حکیمانەی لابردنی پاشەکەوتی مووچە دراو، دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستانی یەکجار خۆش کردوو، کوردستانیشی بۆ قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتن و کار و ئاوەدانی و گەشانەوە گواستەوە.