Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەتەكەی پارتی

 
ئاریان فەرەج
 
برسیكردن قەت ناتوانێ میللەتێك بەچۆكدا بێنێ كە پێشتر لە پێناو ئازادیدا نانی چەوری بندەستی رەتكردبێتەوە. سزادانی میللەتێك ناچێتەسەر كە تاوانەكەی تەنیا ئازادیخوازی بێت. ئەم باوەڕە توێشووی سەفەری سەختی پارتی بوو لە نەبەردی بەرنگاربونەوەی پڕكێشییەكانی چوار ساڵی رابردوودا. دواجاریش هەر ئەو باوەڕە سەركەوت، لە جێی هەڵوەشانەوەی ریفراندۆم، سزاكان هەڵوەشانەوە، لە جێی بەچۆكداهاتنی گەلی كوردستان، سیاسەتی برسیكردن بەچۆكداهات . لەم ئیمتیحانە سەختەدا دواجار پارتی و خەڵكی كوردستان سەركەوتن. پارتی بە شاندانەبەرمەسئولیەت و خەڵكی كوردستانیش بە بەرگەگرتن و سەرنەوینەكردن. 
 
پاش كشانە و نیوەكشانەوەی هەموان، ئەوەی ناوی لێنرابوو حكومەتەكەی پارتی، جوامێرانە شانی دایە بەر ئەو قەیرانانەی بەهۆی شەڕی بە مەسرەفی داعش و شەپۆلی ئاوارەكان و شەڕانگێزیی شۆڤێنیەت وبڕینی قوتی میللەت و دابەزینی نرخی نەوتەوە، گەشە و خۆشگوزەرانیی كوردستانیان پەكخست. كۆڵی نەدا تا بە حیكمەت، خۆڕاگری، سووربوون لەسەر باوەڕی نەگۆڕ، خۆبەدەستەوەنەدان، بەرەنگاربونەوەی رەوشی ناهاوكاری ناوخۆ، شەڕی سەنگەر و شەڕی دیبلۆماسی، كوردستانی لە لێكترازان و قەوارەكەی لە فەوتان و خەڵكەكەی لە برسێتی و قەیران رزگار كرد و گەیاندیەوە كەناری ئارامی. 
 
پارتی وسەرۆك و رابەرەكەی، پارتی و سەرۆك وەزیرانەكەی، هیچیان نەكرد جگە لە بەجێگەیاندنی ئەركی مێژوویی و نیشتمانی و نەتەوەیی سەرشانیان، ئەوەشیان بە پشتیوانی خەڵك كرد، بۆیەش سوپاسگوزاری خەڵكن نەك منەت فرۆش. ئەوانەش كە لەم پەڕینەوە مەزنەدا و لە نیوەی رێدا كشانەوە یان ئەركی پارتییان سەخت كرد و ئاویان بە ئاشی ناحەزاندا كرد و ئیمانیان دۆڕاند و جاڕی شكستی ئەزمونی كوردستانیان دا، سەلماندییان باوەڕیان بەعەدالەتی دۆز و خۆڕاگریی میللەتی خۆیان لاوازە. ئازادیخوازیی بە تاوان و شایانی سزا دەزانن. 
 
گەورەترین حەقیقەتی پڕشنگدار كە لە كۆتایی ئەم تونێڵە تاریكەدا دەركەوت، هۆشیاری و بەئاگاهی میللەتی ئێمەیە، میللەتێك لە جیاتی سزادانی ئازادیخوازان، پێشڕەوانیی ئازادی پاداشت كرد و بەرگەی باجی ئازادیخوازیی گرت. متمانەی زیاتری دا بە پارتی و جڵەوی كاروانی گەشە و پێشخستنی كوردستانی دایەوە دەست. 
 
وەها میللەتێك شایانی بەرزترین ئاستی خۆشگوزەرانییە، خۆشگوزەرانییەكی سەربەرزانەی رووسورانەی ب رومەت.