Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھاتوچۆی ھەولێر: كێشە لە سیستمی كامێرادا دروست بووە و فایلەكان پارێزراون

هەولێر-KDP.info- بە ھۆی دروستبوونی كێشەی ئەلیكترۆنی، بەشی پێبژاردنی سزاكانی ھاتوچۆ وەك پێویست كار ناكات، گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێریش رەتی كردەوە، كە سیستمەكە ھاك كرابێت و دەڵێت، ھەموو فایلی سزاكان پارێزراون.

موقەدەم فازڵ حاجی، گوتەبێژی ھاتوچۆی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو زانیاریانەی باس لە ھاككردنی سیستمی پێبژاردنی سزای كامێرای ھاتوچۆ دەكەن، راست نین، بەڵام نایشارینەوە لە ھێڵی ئینتەرنێت كێشەی تەكنیكی پەیدا بووە، بەڵام ھەموو فایلەكان پارێزراون و ھەر ھاووڵاتییەك سەرپێچیی كردبێت و لەلایەن كامێراكانەوە تۆمار كرابێت، لای بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆ ھەیە و پارێزراوە".

گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەو كێشەیەی دروست بووە، تەنھا لە پێبژاردنی ئۆتۆمبێلی تایبەتە، ھەندێك جاریش لۆدی زۆر دەكەوێتە سەر سیستمەكە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی لە كاتی خۆیدا نەكرێتەوە كاتێك ھاوڵاتی سەردانی ماڵپەڕی ھاتوچۆ دەكات".

موقەدەم فازڵ حاجی دەڵێت: "پلان ھەیە لە چەند شوێنێكی دیكەی ھەولێر كامێرای ھاتوچۆ جێگیر بكرێت، بە تایبەتی ئەو شەقامانەی نوێن، وەك شەقامی ١٢٠ مەتری، كە لە بەشێكی شەقامەكە جێگیر كراون، ئەوەشی كامێراكان تۆماری دەكەن، راستەوخۆ ناچنە ناو سیستم و وێنە و كاتی سەرپێچییەكە دێتە بەڕێوەبەرایەتی، ئینجا دەخرێنە نێو سیستمی پێبژاردن".

 

قائید میرۆ