Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی شارەوانیی: نێچیرڤان بارزانی ئامادەی كردنەوەی شەقامی ١٢٠مەتری دەبێت

ھەولێر-KDP.info- شەقامی ١٢٠مەتریی هەولێر لە ئێستادا تەواو بووە و لە قۆناغی جوانكاریدایە، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێت، بە ھەماھەنگیی ئەنجوومەنی وەزیران و شارەوانی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەت نێچیرڤان بارزانی، شەقامەكە دەكرێتەوە.

پەیوەست بە بەشەكەی تری شەقامی ١٢٠ مەتریی خێرا، سامان محەمەد، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شەمامی ١٢٠ مەتریی خێرا، نزیكەی ساڵێكە كاركردن تێیدا بەردەوامە، كە درێژییەكەی ٧ كیلۆمەترە، لە نێوان شەقامی كۆیە و كەركووك بەردەوامە و قۆناغی دووەمیش كۆتایی ھاتووە و لە ئێستادا كار گەیشتووەتە چاندنی سەوزایی و سەرقاڵی جوانكارییەكانین، كە بەم زووانە ئەویش بەكۆتا دێت."

سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر گوتیشی: "بە ھۆی كارەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كردنەوەكە كەمێك دوا كەوتووە، چونكە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی شارەوانی بەیەكەوە ھەماھەنگیان دەبێت و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ئامادەی كردنەوەی شەقامەكە دەبێت."

شەقامی ١٢٠مەتریی خێرا، ئەو بەشەی نەكراوەتەوە درێژییەكەی ٧كیلۆمەترە و، كارەكانی ئەم بەشە پێك دێت لە ٥ بەرزەپرد و تونێل، ٨ شوێنی گۆڕینی رێڕەوی شەقام، ١ پردی پەپوولەیی، كە دەكەوێتە شەقامی كەركووك.

 

فایزە كۆیی