Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە مەخموور داعش ھێرشی کردە سەر گوندێک"

مەخموور-KDP.info-  چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور ھێرشیان کردە سەر دانیشووانی گوندێکی ناوچەکە و بەرپرسێکی پارتییش لە مەخموور ئاشکرای کرد، بڕیارە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی مەترسییان لەسەرە تا داعش کەڵک لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرنەگرێت کە سوپای عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی نییە.

ئەمڕۆ لە سنووری قەزای مەخموور چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر ژمارەیەک ھاووڵاتیی سڤیل کە خەریکی کۆکردنەوەی گیای بەھارە بوون و دواتر لە لایەن دانیشتووانی گوندی عەلیەڕەشەوە وەڵامی تەقەکانی داعش درایەوە و بەو ھۆیەوە داعش نەیتوانی ئامانجەکەی بپێکێت لە ڕفاندن و شەھیدکردنی ھاووڵاتیانی گوندەکە.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "ھێرشەکەی داعش بۆسەر گوندی عەلیەڕەش لە کاتێکدایە کە ئەو ناوچەیە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی عێراق، بەڵام لە دوای داگیرکرانی مەخموورەوە ھێزەکانی عێراق تەنیا لە شەقامە سەرەکییەکان و سەنتەری شارەکاندا ھەن و توانای پاراستنی ناوچەکەیان نییە."

بەرپرسی لقی مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جووڵەی چەکدارانی داعش ماوەیەکە زیادی کردووە، بەتایبەتی لە سنووری چیای قەرەچۆغ، چەندین جار لە لایەن پێشمەرگە و ھاوپەیمانانەوە ئۆپەڕاسیۆن ئەنجام دراوە و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا ھێزەکانی عێراق پێگەی داعشیان لە قەرەچۆغ بەئامانج گرتووە، بەڵام  خۆیان لەو شوێنە سەختەدا حەشار داوە."

پەیوەست بە پڕکردنەوەی بۆشاییی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، کرمانج عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئێستا لیژنەیەک ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق خەریکی دانانی پلانێک بۆ ئەوەی خاڵی ھاوبەش دیاری بکرێت و ھەموو ئەو شوێنانەی لە نێوان ھەردوولادا بە بۆشایی ماونەتەوە، پڕ بکرێنەوە، تا چیتر داعش کەڵک لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرنەگرێت."

قائید میرۆ