Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێكی پارتە سیاسییەكانی یۆنان سەردانی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی شاندەکە بە ناوی شاندەوە سوپاسی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و ڕایگەیاند كە گەلی یۆنان و هەردوو پارتی گەل و نیودیموكراتی یۆنان ڕێز لە خەبات و داخوازییەكانی گەلی كوردستان دەگرن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هۆشیار سیوەلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، پێشوازیی لە شاندێكی هەردوو پارتی گەلی یۆنان و پارتی نیودیموكراتی یۆنان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز خاتوو ئڤدۆكیا ماگانا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی گەلی یۆنان و پێردۆس نیكیتاس لە پارتی نیودیموكرات و چەند ئەكادیمییەكی ئەندامی سەنتەری كوردستان-یۆنان، لە نێوشیاندا یورگوس نیكیتای سەرۆكی شارەوانیی پێرەس كرد. سەرەتا هۆشیار سیوەلی بەخێرهاتنی شاندی میوانی بۆ كوردستان كرد, سوپاسی گەل و حكوومەتی یۆنانی كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستانیان كرد لە ماوەی شەڕی تیرۆردا. لە میانەی ئەو دانیشتنەدا بەڕێز سیوەیلی باسی پەیوەندیی لەمێژینەی هەردوو گەلی كوردستان و یۆنانی كرد.

هۆشیار سیوەیلی باسی لە دواین پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەكەی بۆ شاندی میوان كرد و هیوای خواست كە ئەم سەردانە ببێتە سەرەتایەكی نوێ بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتە سیاسییەكانی یۆنان. بەڕێزیان هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانی دووپات كردەوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ گەلانی دیكە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن لە مێژوو و خەبات و داخوازییەكانیان.

خاتوو ئڤدۆكیا ماگانا، سەرۆكی شاند بە ناوی شاندەوە سوپاسی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و ڕایگەیاند، گەلی یۆنان و هەردوو پارتی گەل و نیودیموكراتی یۆنان ڕێز لە خەبات و داخوازییەكانی گەلی كوردستان دەگرن. بەڕێز خاتوو ماگانا مەبەستی سەردانەكەیانی بۆ كوردستان ڕوون كردەوە كە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان پارتەكانیان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەردوولا خاوەنی ڕوئیایەكی هاوبەشن بۆ داهاتووی میلەتی خۆیان، ئەمەش واتە هەردوولا پەیوەندییەكانیان بەهێز بكەن و كاری هاوبەش بكەن كە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدایە. لە كوتاییی ئەو دیدارەدا هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی و گرنگیی پەیوەندییەكانیان كردەوە.