Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی پیرۆزبایی لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکات

بەڕێزان/ سكرتێرو ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی لیژنەی راپەڕاندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان


یەكێتی قوتابیانی كوردستان ئەمڕۆ (66) ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یاددەكاتەوە، یادی كاروانێكی پڕ لە شانازی لە كاروچالاكی و كۆشش وكۆڵنەدان، ئەو یەكێتیە نەبەزەی كە لە قوتابخانەی كوردایەتی و پارتی و رێبازی پیرۆزی ((بارزانی نەمر)) سەرچاوەی گرتووە، هەروەها بەبەرنامەو پلانی دەوڵەمەند و بەرهەمداری خۆی بەدرێژایی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان رۆڵی شیاووگرنگی خۆی گێراوە و، بە چرای زانست و پێشكەوتن مێژوویەكی شكۆمەندانەی بۆ خۆی و سەرجەم توێژی قوتابیانی کوردستان تۆمار كردووە.

دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، دەستکەوتێکی گرنگ و بایەخداری بزووتنەوەی رزگاریخوازیمانە، لەبەرئەوەی توێژی قوتابیان خاوەن سەنگ و هێزوتوانایەكی لەبن نەهاتوون و وەك گەنجینەیەكی بەهاداری خەباتی گەلەكەمانن، لەو پێناوەشدا یەكێتـی قوتابیانی كوردستان بێشومار سەركردەوكادیری لێوەشاوەودڵسۆزی بەرهەم هێناوە.
  
رۆڵی ئێوە و سەنگی ئێوەی قوتابیان زۆر گرنگ و چارەنووسسازە بەتایبەتی لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆماندا، بۆیە پێویستە هەوڵ وكۆشش و بەرنامەكانتان لەپێناو پتەوكردن و بەهێزكردنی ئەو ئەزموونەو داكۆكیكردن لە دەسكەوتەكانمان و رەتدانی ئەو قۆناغە بێت بۆ داهاتوویەكی رۆشنتر.

بەوبۆنەیەوە، کە ھاوکات رۆژی قوتابیانی کوردستانیشە، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەوسەرجەم كادیر و ئەندامانی رێكخراوەكەتان و تێكڕای قوتابیانی كوردستان دەكەین و، جارێكی دیكە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ یەكێتیەكەتان و كاروبەرنامەكانتان دووپات دەكەینەوە لە بەدیهێنانی ماف و داخوازییەکانتان.. ئومێدەوارین هەردەم لەئاست گرنگی ئەو ئەركە پیرۆزەتان دابن ومایەی متمانەی ئەو توێژە و پێشەنگی بزووتنەوەی پیشەوەرانەی قوتابیان بن بۆ بەرجەستەكردن وبەدەستهێنانی داواكاری وخواست و ویست ومافەكانتان..

سڵاو لە گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە رێگای سەروەری و سەرفرازی یەكێتیەكەتان و مافەرەواكانی گەلەكەمان گیانیان بەخشی..

سڵاو لە(66)ساڵەی دامەزراندن و خەباتی بەردەوام و بێسرەوتنی یەكێـتی قوتابیانی كوردستان..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
18/2/2019