Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی كاتیی پەرلەمان: ئامادەكارییەكان بۆ كۆبوونەوەی سبەی تەواو كراون

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و هەموو ئامادەكارییەك بۆ كۆبوونەوەكە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی كراوە.

رێڤینگ هرووری، جەختی كردەوە، سبەی كاتژمێر 11 كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت، هەروەها ئامادەكارییە یاسایی و پرۆتۆكۆڵییەكان بۆ كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، تەواو كراون.

لە ئەگەری ئامادەنەبوونی كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، هرووری بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ‌هەتاوەكو ئێستا هیچ لایەنێك راینەگەیاندووە كە بەشداری لە دانیشتنەكەدا ناكات، بۆیە بە دڵنیاییەوە سبەی دەستەی سەرۆكایەتیی هەڵدەبژێردرێت، چونكە بەپێی رێككەوتنی لایەنەكان سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لەوانەشە فراكسیۆنەكانی تر كاندیدیان بۆ سەرۆكی پەرلەمان هەبێ.

ئەو هەروەها دووپاتیشی كردەوە، سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتییە، بەربژێری پارتی بۆ جێگری یەكەم هێمن هەورامییە، جێگری دووەمیش بۆ پێكهاتەی توركمانە كە سبەی یەكلا دەبێتەوە كام پەرلەمانتار دەبێتە جێگری دووەمی سەرۆكی‌ پەرلەمان.

دوێنێ سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، بانگهێشتی بۆ سەرجەم پەرلەمانتاران ناردووە، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 18ی2ی2019 لە پەرلەمانی كوردستان ئامادە بن، كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت 48 كاتژمێر بەر لە دەستپێكردنی دانیشتنەكە پەرلەمانتاران ئاگادار بكرێنەوە.

تاوەكو ئێستا سێ پەرلەمانتار سوێندی یاساییان نەخواردووە، بۆ ئەو مەبەستە رێڤینگ هرووری ئاشكرای كرد، هەریەكە لە شەعبان عەلی شەعبان، قوباد تاڵەبانی، شاسوار عەبدولواحید، سوێندی یاساییان نەخواردووە، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش، دوای 90 رۆژ پەرلەمانتارێكی تری ئەو حیزبە دێتە شوێنی و سوێندی یاسایی دەخوات، كە دوای ئەمە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری دەكرێت.

 

هەڵكەوت محەممەد