Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیاری حوسێن: ئەمەریكا و ھەرێم و بەغدا ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوە دەبەن

كەركووك-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دەڵێ، ھەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بەردەوامن، بەڵام نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی و پێشمەرگەش دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە.

رۆژی ٤ی شوبات، وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، لەسەر چەند خالێك گەیشتنە رێككەوتن و بڕیارە پێكەوە مەلەفی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی سنووری مادەی ١٤٠ بەڕێوە ببەن. لەو بارەیەوە دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_ گەرمیانی پارتی ئاشكرای كرد: "بەپێی رێككەوتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەر لە خانەقینەوە تا شنگال ئاسایی دەكرێتەوە، واتە ھێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و ھەماھەنگی لە نێوان سوپا و پێشمەرگەدا دەبێت، بێگومان چەند بنكەیەكی ئەمەریكایش لەو سنوورانە جێگیر كراون".

دوێنێ شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی شاری كەركووكی كرد و بڕیارە لە چوارچێوەی ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كێشەلەسەرەكان، چەند یەكەیەكی سوپای عێراق و پێشمەرگە جێگیر بكرێن، بەرپرسەكەی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "پاراستنی ئەو ناوچانە سێلایەنە دەبێت، وەك بەر لە ساڵی ٢٠١٤، چونكە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق ھەماھەنگی ھەبوو لە نێوان پێشمەرگە و ئەمەریكا و عێراق، بۆیە دیسان ئەو ھەماھەنگییە دروست دەبێتەوە و نابێت لەو سنوورانەدا هیچ ھێزێك بە بێ ئاگاداری و ھەماھەنگی، جووڵە بكات".

بەپێی دەستووری عێراق، ئیدارەدانی ناوچە كوردستانییەكان و مەلەفی ئەمنی لەلایەن ھەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت، تا ئەو كاتەی مادەی ١٤٠ جێبەجێ دەكرێت، دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "دانوستانەكان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامییان ھەیە تا دەگەینە رێككەوتنی كۆتایی، لەگەڵ دەستپێكردنی چەند ھەنگاوێكی كردەیی، كە ھێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی.

 

قائید میرۆ