Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری تۆڕی كۆمەڵایەتی: مووچەی چاودێریی خێزان دەست پێدەكاتەوە

هەولێر-KDP.info- دوای سێ ساڵ لە راگرتنی، بڕیارە رێنمایی نوێ لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە بۆ خەرجكردنی مووچەی چاودێریی خێزان دەربكرێت، بەرپرسێكی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتییش دەڵێ، ساڵانی رابردوو ٧٦ ھەزار ھاووڵاتی لە مووچەكە سوودمەند بوونە.

شێخ محەمەد گەزنەیی، بەڕێوەبەری تۆڕی كۆمەڵایەتیی ھەولێر ئاشكرای كرد: "بڕیارە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوای پێداچوونەوە، رێنمایی نوێ لەبارەی مووچەی تۆڕی چاودێریی خێزان دەربكات و لەمەودوا بەپێی رێنمایی نوێ ھاووڵاتیان دەتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی مووچەی تۆڕی چاودێریی خێزان، كە بەپێی رێنماییەكانی پێشوو، زیاتر مووچەكە بۆ ئەو ژنانەیەكە بێ ھاوسەرن و بۆ قوتابیانی خێزاندار و ئەوانەیە كە ھیچ مووچە و داھاتیان نییە و بەردەوامن لەسەر پڕۆسەی خوێندن".

بەڕێوەبەری تۆڕی كۆمەڵایەتیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ساڵانی پێشوو ٧٦ ھەزار كەس لە وەرگرتنی مووچەی چاودێریی خێزان سوودمەند بوونە، بەڵام لەگەڵ ھاتنی قەیرانی دارایی و بوونی ناوی ھەندێ كەسدا، كە پێویستیان بەو مووچەیە نییە، ماوەی سێ ساڵە مووچەی چاودێری خێزان راگیراوە".

گەزنەیی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لەگەڵ ھەموو كەموكوڕییەكان لە لیستی مووچەی چاودێریی خێزان، خەڵكانێكیش ھەن كە پێویستیان بەو مووچەیە ھەیە و پێویستە حكوومەت پەلە بكات لە دەركردنی رێنماییەكان و دانانی سیستمێكی نوێ بۆ سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی خێزان".

لەبارەی كێشەی كەمئەندامانیشەوە، شێخ محەمەد دەڵێت: "لیژنەی پزیشكی دەستبە كاربووە و ئەوانەی مووچەیان بڕدراوە كە ھەژدە ھەزار كەسن و لەوانەش پێنج ھەزار و ٣٠٠ كەمئەندام لە سنووری ھەولێرن، مافی تانەدانیان ھەیە و بەشێكی زۆریان دووبارە لیژنەیان بۆ دروست كراوە، دوای دەرچوونی ئەنجامی كۆتایی، ئەوانەی كەمئەندامن و رێژەی یاسایی بۆیان دیاری دەكرێت، دووبارە سوودمەند دەبن لە مووچەی حكوومەت".

 

قائید میرۆ