Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. بەشیر: پێویستە عێراق مووچەی مانگەكانی یەك و دوو و سێ رەوانە بكات

بەغدا -KDP.info- جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، بەپێی یاسای نوێی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ، پێویستە بەغدا مانگانە ٥٢٢ملیار دینار رەوانە بكات نەك ٣١٧ملیار دینار، چونكە ئەو پرسە بە یاسا یەكلا كراوەتەوە.

د. بەشیر خەلیل حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩، پێویستە حكوومەتی عێراق مانگانە بە پارەی پێشمەرگەوە ٥٢٢ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات، هەروەها پێویستیشە لە ئێستادا حكوومەتی عێراق مووچەی مانگەكانی یەك و دوو و سێش رەوانە بكات و قەرزداری ھەرێمی كوردستانە، چونكە ئەمە بووەتە یاسا".

حەداد گوتیشی: "بەپێی یاسای نوێی بودجە، مووچەی مانگانەی ھەرێمی كوردستان ناكاتە ٣١٧ملیار دینار و پێویستە بەغدا زیاتر رەوانە بكات، ئینجا نازانین ئەو پارەیەی رەوانە كراوە، ھیچ ئەمساڵ یاخود ساڵی ڕابردووە".

دەشڵێ: "ئەگەر حكوومەتی عێراق پابەندی یاسای بودجە نەبێت و پشكی ھەرێمی كوردستان رەوانە نەكات، دادگای فیدراڵی ھەیە، بۆ ئەوەی پەنای بۆ ببەین و ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە، چونكە بە یاسا پشكی ھەرێمی كوردستان دیاری كراوە نەك بە رێككەوتن".

 

بڵند ئیبراھیم