Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ترەمپ: لە 24 کاتژمێری داهاتوودا راگەیێندراوێک لەبارەی سووریا بڵاودەکەمەوە

 
ئەمریکا-KDP.info-  سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، فەرمانی راگەیاندنی باری نائاسایی واژۆ دەکات و لە 24 کاتژمێری داهاتووشدا راگەیێندراوێک لەبارەی جەنگی داعش لە سووریا بڵاودەکاتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، یاسای باری نائاسایی نیشتمانیی کارادەکات بۆ دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری باشووری ئەمریکا لەگەڵ مەکسیک.
 
باسی لەوەشکرد، کە دەیەوێت ئاسایش لەسەر سنووری باشووری ئەمریکا دروستبکات و رووبەڕووی تەحەدا ئەمنییەکان ببێتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، دەیەوێت ''بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر و مرۆڤ" رابگرێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا باسی سووریای کرد و گوتی: "ئێمە چەندین راگەیێندراوی گرنگمان هەن کە رایانبگەێنین سەبارەت بە سووریا و هەروەها سەرکەوتنەکانمان لە کۆتایی هێنان بە داعش کە لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا رادەگەیێندرێت".
 
رۆژی هەینی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پرۆژەیاسایەکی لەبارەی ئاسایشی سنوورەوە پەسەندکرد کە هەردوو پارتی ئەمریکا، کۆماریی و دیموکرات، پشتگیرییان کرد، بۆ ئەوەی حکوومەت دووبارە رووبەڕووی داخستن نەبێتەوە. یاساکەش بۆ سەرۆکی ئەمریکا نێردرا بۆ ئەوەی واژۆی بکات و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
پرۆژەیاسایەک کە پارە بۆ دروستکردنی بەربەستی نوێ لە بەشێک لە سنووری ئەمریکا و مەکسیک دابیندەکات. بەڵام ئەو پارەیە لەخۆناگرێت کە ترەمپ داوای دەکات و بڕەکەی 5.7 ملیار دۆلارە.
 
ئەنجوومەنی نوێنەران کە زۆرینەی کورسییەکانی دیموکراتەکانن، بە کۆی 300 دەنگ بەرامبەر بە 128 دەنگ پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمریکا و رووسیا چاوەڕێی ئەوە دەکەن بزانن ئەمریکا چۆن بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا جێبەجێدەکات.
 
لەبارەی گفتوگۆکانیش لەگەڵ چین، ترەمپ ئاماژە بەوەکرد دانوستاندنەکان بەشێوەیەکی "زۆر باش" بەڕێوەدەچن و ئەمریکا لە هەموو کاتێک زیاتر لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی بازرگانیی "راستەقینە" لەگەڵ پەکین نزیکە "کە دەرفەتی یەکسان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا دەکات پاش دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا.
 
ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی: "ئێوە ئەو رەوشە دەزانن کە پەیوەندی بە برێکزیت و کێشەکانەوە هەیە، بەڵام ئێمە پەیوەندییەکی بازرگانیی زۆر باشمان لەگەڵ شانشینی یەکگرتوودا هەیە و بەشێوەیەکی باش پەرەمان پێداوە، ئێمە بەردەوامین لە بازرگانییەکەمان و لەگەڵ کاتدا بەشێوەیەکی گەورە فراوانی دەکەین".