Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و گۆڕان: کۆبوونەوەی نێوانمان زۆرباش و جیددی بوو

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە و هەردوولا رایانگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی باش و جیددیان ئەنجام داوە.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، لەگەڵ برایانی بزووتنەوەی گۆڕان دانیشتنێکی باشمان کرد، پێشتر کۆمەڵێک بابەت و بیرۆکە ئامادە و گەڵاڵە کرابوون، ئەمڕۆ بە نزیکەیی لە کۆتایی هەموو ئەو بیرۆکانەدابووین، هەم لەسەر رێککەوتنی سیاسی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هەم لەسەر چۆنێتی شەراکەت لە حکومەتی ئاییندە و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆربەی هەرەزۆری ئەو بابەتانەی باسمان کردن، کە بۆ کارنامەی کابینەی داهاتوو پێویستن زۆر لەیەکەوە نزیکین".

مەحموود محەممەد گوتیشی "ئەو خاڵانەی لەلای هەردوولامان گرنگە بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی و بژێوی خەڵک و چاکسازییەوە هەیە، خاڵی هاوبەشن. ئەوەی دەمێنێتەوە هەریەکە لای خۆمان راوێژێک لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و خانەی راپەڕاندن بکرێت. دامان ناوە تاوەکو رۆژی شەممە جارێکی دیکە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆببینەوە".

هەر لەبارەی کۆبوونەوەکە، ئاراس وەلی، ئەندامی شاندی دانوستاندکاری گۆڕان گوتی "کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و جیدیمان کرد. ئەو تەوارانەی باسمان کردن لە مەسەلەی پێکهێنانی حکوومەت و رێککەوتنی سیاسیمان و چ جۆرە حکومەتێک بێت. بەڕای ئێمە پرسی چاکسازی لە هەموو جومگەکانی حکومەتدا بکرێت، برادەرانی پارتی لەگەڵ هیچ خاڵێکدا لەگەڵ ئێمە ناکۆکیان نەبوو".

ئاراس وەلی رایگەیاند، سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان و هەنگاوی زۆر باشترمان ناوە، لەگەڵ ئەوەش پێویستمان بەوەیە لەگەڵ خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی راوێژ بکەین، هیوادارم لەم هەفتەیە موژدەی خۆش بە خەڵک بدەین".