Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان ده‌ستی پێكرد

 
هەولێر-KDP.info- ئێستا كۆبوونه‌وه‌ی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ده‌ستی پێكرد.
 
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگه‌یاند، "کۆبوونەوەی هەردوو لایەنی پارتی و گۆڕان سەعات ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە مەکتەبی سیاسی پارتی ده‌ستی پێكرد و ده‌رباره‌ی چۆنییەتی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.

شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی، هاوكات ئەندامانی شاندەكەش بریتین لە هەریەكە، لە مەحموود محەمەد، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، جەعفەر ئێمینكی، رەمزی شەعبان، دڵشاد شەهاب.

شاندی بزووتنەوەی گۆڕانیش بە سەرۆكایەتیی جەلال جەوهەر، هەرەوەها ئەندامانی لیژنەكەش لە هەر یەكە لە مستەفای سەید قادر، جەمال حاجی محەمەد، ئاواتی شێخ جەناب، دكتۆر رەئووف عوسمان، ئاراس وەلی پێكهاتوون.

پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول، كە بووە خاوەنی ٤٥ كورسیی پەرلەمانی، لەگەڵ هەر یەكە لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆكانی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی دابێت بەردەوامن.

 

خێڵان بەختیار