Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەستخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی دەکرێت

 
هەولێر-KDP.info- باڵیۆزی کۆتدیڤوار (ساحل عاج) لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، پێشوازی لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی دەکەن بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا.
 
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی عێراق، کاکو لیۆ ئادۆم، باڵیۆزی کۆتدیڤوار و ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش لە گوتارێکدا پێشوازی لە کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
 
باڵیۆزی کۆتدیڤوار گوتی، "پێشوازی لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی دەکەین بەتایبەتی دوای ئەو کێشانەی کە بەهۆی گشتپرسی و دۆخی کەرکووکەوە لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بووبوون".
 
کاکو لیۆ ئادۆم گوتیشی، "کۆتدیڤوار هانی گفتوگۆی بەرهەمدار لەنێوان بەرپرسانی حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ ئەو کێشانەی کە دوای گشتپرسی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی لە 2017 روویاندا. وڵاتەکەم هیواخوازە ئەو کۆبوونەوانەی لەنێوان عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و  نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێن، ببێتە هۆی ئەوەی بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن".
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 13-2-2018 بەکاتی ئەمریکا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی دۆخی عێراق ئەنجامدا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا یانین هێنس-پلاسسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق راپۆرتێکی پێشکەشکرد و باسی لە پرسەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
 
یانین هێنس-پلاسسخارت پێشوازی لە هاوئاهەنگی و رێککەوتنەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کرد و گوتی، "داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەم ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ نەهێشتنی جیاوازییەکانیان و گەیشتنە چارەسەرێکی ماوەدرێژ دەربارەی بابەتە دیارەکان".
 
رۆژی 7-2-2019 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌ و جەختیان لەسەر "بره‌ودانی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا کردەوە".