Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. بەشیر: سەرۆك بارزانی ھەموو كارەكانی بۆ ئێمە ئاسان كردووە

 

بەغدا-KDP.info- د. بەشیر خەلیل رایگەیاند، بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا و چارەكردنی كێشەكان، سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكەن. دەشڵێ، گۆڕانكارییەكی زۆر لە تێڕوانینی لایەنە عێراقییەكان بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان رووی داوە و ئەرێنییە.

جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، د. بەشیر خەلیل حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ھەر لە سەرەتاوە رامانگەیاندووە، یەكێك لە ئامانجەكانی ئێمە چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا و چارەكردنی سەرجەم كێشەكانە، بۆیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە عێراقی و كوردستانییەكاندا كۆ دەبینەوە، لە راستیدا تێڕوانینی لایەنە عێراقییەكانیش بەرامبەر ھەرێمی كوردستان گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا هاتووە و ئەرێنییە، بۆیە دەمانەوێت لاپەڕەیەكی نوێ لە ھەردوولا ھەڵبدرێتەوە".

حەداد گوتیشی: "لە ئێستادا كەشوھەوایەكی باش ھەیە بۆ چارەكردنی كێشەكان و رای زۆرینەی لایەنەكان بۆ چارەكردنی گرفتەكان ئیجابییە، بۆیە بەردەوام دەبین تاوەكو لەگەڵ ھەموو لایەنەكاندا كۆ دەبینەوە".

جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەش كرد: "پێویستە ئەوە لەبیر نەكەین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا ھەموو كارەكانی بۆ ئێمە ئاسان كردووە و ھاوكارییەكی باشی ئێمەشی كردووە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان ئاسایی بكرێنەوە و كێشەكانیش چارە بكرێن".

دەشڵێ: "پێشتر پرسەكان بە رێككەوتنی سیاسی لە نێوان ھەرێم و بەغدادا یەكلا دەكرانەوە، بەڵام ئەمجارە ئێمە بە یاسا پشكی ھەرێمی كوردستانمان دیاری كردووە، بۆیە پێویستە خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بن مووچەیان بۆ رەوانە دەكرێت و زەمانەتەكەش یاسای بودجەیە".

 

بڵند ئیبراھیم