Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەت بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی خاوەن تەكسییەكان دەركردووە

 

هەولێر-KDP.info- دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەی كاری ئۆتۆمبێلی تەكسی، ژمارەیەكی بەرچاوی شۆفێرانی تەكسی نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەوەی بە ھۆی بڕیاری حكوومەتەوە زەرەرمەند دەبن، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ھەولێریش دەڵێ، بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خاوەنی تەكسییەكان دەركراوە.

لیوا ھێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مەبەستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە دەركردنی ھەندێ بڕیار بۆ رێكخستنەوەی كاری تەكسی، بۆ بەرژەوەندیی گشتی بووە نەك زیانگەیاندن بە ھیچ كەسێك، بەڵام ئاستەنگی بەردەم بڕیاری رێكخستنەوەی كاری تەكسی لە ھەرێمی كوردستان، زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلی تەكسییە".

بەڕێوەبەری ھاتوچۆی پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "حكوومەت نایەوێ ھیچ كەسێك زەرەرمەند بێت، لەبەر ئەوەش بڕیار دراوە ھەر خاوەن تەكسییەك مەرجەكانی حكوومەت نەگرێتەوە و ئیدی كاری تەكسی نەكات، ئەوە دەتوانێت ئۆتۆمبێلەكەی لە تەكسییەوە بگۆڕێت بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت و ھەموو كارئاسانییەكیش پێشكەش دەكرێت".

تەنیا لە سنووری پارێزگای ھەولێر زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار ئۆتۆمبێل تۆمار كراون و وەك بەڕێوەبەری ھاتوچۆ روونی كردەوە، بەشێكی ئەو ئۆتۆمبێلانە تابلۆی ھەولێریان ھەیە و لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقن، لیوا ھێرش ئەحمەد گوتیشی: "ئەو ھاووڵاتیانەی ئۆتۆمبێلی تەكسی دەگۆڕن بۆ تایبەت، بەپێی بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەموو باج و رسۆماتێك دەبەخشرێن و تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەیشیان دەكرێت بە تایبەت".

قائید میرۆ