Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی دارایی عێراق، هەموو پارێزگاكانی ئاگادار كردووەتەوە، بۆ خەرجكردنی بودجە

 

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، هیچ رێگرییەكی یاسایی نەماوە و وەزارەتی دارایی عێراق هەموو پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی ئاگادار كردووەتەوە، كە سەردانی وەزارەتی دارایی بكەن بۆ خەرجكردنی بودجە و مووچەی ساڵی 2019، هەروەها پارەی جووتیارانی كوردستانیش هەموو دەدرێت.

لە ژمارە 4529 ی ڕۆژنامەی وەقائیعی فەرمیی حكوومەتی عێراقدا، كە وەزارەتی داد دەری دەكات، یاسای بودجەی 2019ی عێراق بڵاو كرایەوە، بە بڵاوبوونەوەشی، یاسای بودجەی عێراق لە ساڵی 2019  دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە و پێویستە وەزارەتەكان ڕێنمایی دەربكەن بۆ جێبەجێكردنی یاساكە لە سەرجەم دامەزراوەكانی حكوومەتدا.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ۱۱/۲/۲٠۱۹یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی ژمارە 4529 بڵاو كرایەوە، هەر لەو رۆژەوە ئەم یاسایە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە.

هەر لەو بارەیەوە، د. ناسر هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "یاسای بودجە لە دوێنێوە كەوتووەتە واری جێیەجێكردنەوە، هیچ رێگرییەكی یاسایی نەماوە و وەزارەتی دارایی داوای لە هەموو پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان كردووە سەردانی وەزارەتی دارایی بكەن بۆ خەرجكردنی بودجە و مووچەی ساڵی 2019، هەروەها بۆ دابینكردنی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش هەوڵەكانی ئێمە بەردەوامن و پارەی ساڵانی رابردوو كە نەدراوە، هەمووی خەرج دەكرێت".

ڕابین شێروانی