Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرزان كوردە: ده‌بێت پارتی و یەكێتی شان بدەنە بەر ئەو ئەركەی لەسەر شانیانە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی رایدەگەیەنێت، تا ئێستا كاندیدیان بۆ سەرۆكی پەرلەمان یەكلا نەكراوەتەوە، هاوكات رێككەوتنی نێوان پارتی و حزبەكەیشی لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان بۆ ئەم قۆناغە، بە گرینگ دەزانێت.

بەرزان ئەحمەد كوردە، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ئاشكرای دەكات، كە تا ئێستا كاندیدی حزبەكەی بۆ سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان یەكلا نەكراوەتەوە، وەك خۆیشی ئاماژەی بۆ كرد، چاوەڕێی بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەكەن، كە بڕیارە پێش كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، كە لە ١٨ی ئەم مانگەدا دەبەسترێت، كۆ ببنەوە و ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە، كە هەر یەكە لە بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق ناویان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە هاتووە.

ناوبراو رێككەوتنی سیاسیی نێوان پارتی و یەكێتی و یەكخستنی بۆچوونەكانیان بە گرینگ دەزانێت، كە هەردوولا وەك دوو حزبی بەهێز شان بدەنە بەر ئەو ئەركەی لەسەر شانیانە لە پێناو ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان گوتیشی، " ئه‌م رێككه‌وتنه‌ پێویستییەكی مێژووییە بۆ ئەم قۆناغە، هەردوو حزبی دەسەڵات پێكەوە ئەگەر بێت و سازشیش بۆ یەكتر بكەن، ئەوە سازشكردنە بۆ قەزییەی كوردی، نەك بۆ لایەنێك".

ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی، پێشیوایە هەر یەك لە پارتی و یەكێتی كامیان زیاتر هەنگاوی پێكەوەبوون بۆ یەكتر بنێت، لای هاووڵاتیانیش ئەو لایەنە دەچێتە پێشەوە، هاوكات بۆ چوونەپێشەوەی پرۆسەی سیاسی و ئابووری لە هەرێم و لەسەر ئاستی دەرەوەش، دەیبەستێتەوە بە رێككەوتنی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتەوە، كاتێ ئابووریی هەرێم باش كرا و هاووڵاتیان خۆشگوزەران بوون و لایەنە سیاسییەكان كۆك بوون، نیشانی دەرەوەش دەدرێت، گەرچی ناكۆكییش لە نێوان لایەنەكاندا هەبێت، ئەوە ناكۆكییەكی لاوەكییە و لەسەر پرسە نەتەوایەتی و نیشتیمانییەكان دەتوانین كۆك بین.

 

خێڵان بەختیار