Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ: پێشوازی لە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەكەین

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی، ئەوان پێشوازی لە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەكەن و بڕیاریشە ھێزی پێشمەرگە بۆ ١٥یەكەی ئیداری لە سنووری پارێزگای مووسڵ بگەڕێتەوە.

سەیدۆ چەتۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی ئەورێككەوتنەی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا كراوە، ھێزی پێشمەرگە بۆ ١٥یەكەی ئیداری لە سنووری پارێزگای مووسڵ دەگەڕێتەوە، كە بریتین لە مەخموور و ئەو چوار ناحیەیەی سەر بە مەخموورن، قەراج و دیبەگە، مەلاقەرە و گوێڕ، شێخان و زوممار، فایدە و ئەلقووش، وانكێ و شنگال، سنوونێ و قەحتانییە، گرعوزێر و قەیرەوان، كە ئەم١٥ یەكە ئیدارییە سەر بە ماددەی ١٤٠ـن و ھێزی ھاوبەش بۆ ئەو ناوچانە دروست دەكرێت".

چەتۆ گوتیشی، ئەو ھێزە ھاوبەشەی دروست دەكرێت، بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئەمنییەت لەو ناوچانە تاوەكو كێشەی ماددەی ١٤٠چارە دەكرێت، "ئێمەش پێشوازی و پشتیوانی لە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەكەین".

دەشڵێ، پێویستە حەشدی شەعبی لە ناوچەكەدا نەمێنن و حكوومەتی عێراق ئەو كێشەیە چارە بكات، چونكە كە ھێزی ھاوبەش ھاتە ناوچەكە، نابێت حەشدی شەعبی لەوێ بوونی ھەبێت، "بۆیە داوا دەكەین بە زوویی ئەو ھێزانەی حەشد لە مووسڵ دەربكرێن".

بڵند ئیبراھیم