Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پارتی و یەکێتی بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو دەنێن"

هەولێر-KDP.info-  چاودێران ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بە خاڵی سەرکەوتن دەزانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان و ڕۆژنامەنووسێکیش پێی وایە، پارتی بە درێژاییی مێژوو ھەوڵی داوە کێشەکان لەسەر مێزی دانوستان چارەسەر بکرێن و ئامادەش بووە لە ھەندێ مافی خۆی خۆش بێت بۆ بەرژەوەندیی گشتی.

دوای کۆبوونەوەی حەفتەی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بەرەو ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان دەڕوات. نووسەر و ڕۆژنامەنووس، ئیسماعیل ئیبراھیم، پێی وایە: "لە دوای ڕاپەڕینەوە ھەرکاتێک لایەنە سیاسییەکان تەبا بووبن سەقامگیری لە ھەرێمی کوردستان بەرقەرار بووە و دەشڵێت: "پارتی بە درێژاییی مێژوو هاوکاربووە لەگەڵ لایەنەکان بۆ ئەوەی ھەر کێشە و گرفتێک ھەبێت لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێت، ئەمە بنەمای ڕاستەقینەی پارتییە و ھەرگیز بڕوای بە توندۆتیژی و زمانی ھەڕەشە و ناکۆکیی ناتەندروست نەبووە، لەبەر ئەوە ڕێککەوتنی ئەمجارەش لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بەرھەمدار دەبێت بۆ ئەوەی سەقامگیریی زیاتر بۆ کوردستان بگەڕێتەوە."

تارق جەوھەر، چاودێری سیاسیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ڕابردوودا پارتی و یەکێتی لەسەر چەند خاڵێک گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام ھێشتا ھەندێ وردەکاری ماوە، ئەم حەفتەیە لیژنەی ھاوبەش وەرەقەیەکی سیاسیی لەبارەی کارکردنی پارتی و یەکێتی لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوودا دادەڕێژن، پێم وایە لەسەر پرسە بنەڕەتییەکان وەک کۆبوونەوەی پەرلەمان لە ڕۆژی ١٨ی شوبات گەیشتوون بە ڕێککەوتن بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان."

جەوھەر دەشڵێت: "جورێک لە تێگەیشتن لەبارەی ڕەوشی کەرکووکیشەوە ھەبووە، چونکە مانەوەی ڕەوشی کەرکووک بە شێوەی ئێستا لە بەرژەوەندیی کورددا نییە، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی زۆر بەرەوپێشەوە چووە و پێویستە متمانە بگەڕێتەوە نێوانیان."

ئیسماعیل ئیبراھیم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتی کار دەکات بۆ ئەوەی ئەو پەیامەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەرزی کردبووەوە کە بەرنامەی کوردستانێکی بەھێز جێبەجێی بکات، کوردستانێکی بەھێزیش لای پارتی واتە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ھاووڵاتیان و سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری و سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، ھەرکەسێک چاوێک بە مێژووی پارتیدا بخشێنێتەوە، دەبینێت پارتی فیشەکێکی بە ڕووی لایەنێکی سیاسیدا نەتەقاندووە ئەگەر ھێرش نەکرابێتە سەر پارتی و پیلان بۆ لەنێوبردنی پارتی نەبووبێت، واتە پارتی باوەڕی بە ژیانی پێکەوەکارکردنی لایەنە سیاسییەکان ھەیە و ناکۆکیی ناشەریفانەی قبووڵ نییە، ھەتا پارتی لەپێناو ئاشتەواییی گشتی زۆر جار سازشی لە ھەندێ مافی خۆیشی کردووه."

تارق جەوھەر وای بۆ دەچێت کە ناکۆکی ھیچ سوودی بۆ لایەنێک نییە و تەنیا چارەسەر ئەوەیە چی زووە خاڵە ھاوبەشەکان بکەنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان: "پارتی و یەکێتی چەند ناکۆک بن، دەبێـت لە کۆتاییدا ھەر بگەنە ڕێککەوتن، لەبەر ئەوەی دوو ھێزی سەرەکیی ھەرێمی کوردستانن و قەدەر وای کردووە لەم قۆناغەدا دوو ھێزن کە ئەرک و بەرپرسیارەتییان لە ئەستودایە و دەبێ پێکەوە کار بکەن، بەر لە ھێزەکانی دیکە پارتی و یەکێتی ھاوھەڵوێستن بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی ناوچەکە، کورد پێویستی بە یەکگرتوویی ھەیە، ھەمیشە دەستکەوتەکانی کورد لەو کاتەدا بووە کە پارتی و یەکێتی ھەماھەنگ و ھاوپەیمان بوونە و خەباتی ھاوبەشیان ھەبووە."

قائید میرۆ