Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە کۆتایی ئەم مانگەدا یاسای بودجە کاری پێدەکرێ

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، یاسای بوودجە بە جۆرێک پەسەندکراوە کە حکوومەتی ھەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، یان نا، لە کاتی جێبەجێکردنیدا دەتوانێ بێپاشەکەوت و لە کاتی خۆیدا مووچە دابین بکات .

ئەمڕۆ، دووشەممە، وەزارەتی دادی عێراق بڵاوبوونەوەی ژمارە (٤٥٢٩)ی ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی ڕاگەیاند کە تایبەتە بە بڵاوبوونەوەی بوودجەی ٢٠١٩ی عێراق کە دوای پەسندکردنی لە لایەن پەرلەمانەوە، سەرۆککۆماریش واژۆی لەسەر کردووە.

سەرۆکی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، د. ئەحمەد سەفار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی پڕۆژەیاسای بوودجە لە لایەن سەرۆککۆمار پەسەند کرا و لە ڕۆژنامە بڵاو بکرێتەوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت."

د. ئەحمەد سەفار گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەگەر نەوتی خۆشی ڕادەستی بەغدا نەکات بەو پارەیەی بۆی دێت دەتوانێ مووچەی تەواو بدات و ئەگەریش نەوتیان ڕادەست بکات مانگانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل بەغدا ١٠ ترلیۆن و٨٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم ڕەوانە دەکات، بۆیە ھەرچۆنێک بێت حکوومەتی ھەرێم دەتوانێ ئیدارەی خۆی پێ بکات و بە ھەردوو ڕێگا دەتوانێ مووچە بێپاشەکەوت و لە کاتی خۆیدا دابین بکات."

د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرکاتێک پڕۆژەیاساکە لە ڕۆژنامەی وەقایعدا بڵاو بکرێتەوە، ئیمزای لەسەر دەکرێت و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێت بۆ خەرجکردنی بوودجە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین تا کۆتاییی مانگ تەواو بێت و لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە دەست بە خەرجکردنی بکرێت."

بڵند ئیبراھیم