Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

توركمانەكان: پارتی رازیبوونی خۆی پیشان دا لەسەر داواكەی ئێمە

 

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شاندی باڵای دانوستانكاری پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەكانی توركمانی كرد، سەركردەیەكی توركمانیش دەڵێ، داخوازیی توركمان خرایە بەردەم شاندی باڵای پارتییەوە و ئەوانیش رەزامەند بوون لەسەر داواكارییەكان. دەشڵێ، تا رادەیەك پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ توركمان یەكلا بووەتەوە.

محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندی باڵای دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی ھێز و لایەنە توركمانییەكانی كرد و، لەبارەی پڕۆسەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و رۆڵی پێكھاتەی توركمان دانوستان كرا، لایەنە توركمانییەكانیش پێشنیازی خۆیان خستە بەردەم شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، كە چەند خاڵێك لە خۆ دەگرێت، ئەوانەی گرینگن، جێگری یەكێك لە سێ سەرۆكایەتییەكەی ھەرێمی كوردستان بە پێكھاتەی توركمان بدرێت لەگەڵ وەزارەتێكی خزمەتگوزاری".

سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان، زیاتر لەبارەی كۆبونەوەی نێوان شاندێ باڵای پارتی و لایەنە توركمانییەكان دوا و گوتی: "وەڵامی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر ئەرێنی بوو، داواشیان كرد لایەنە توركمانییەكان لە كۆبوونەوەی رۆژی ١٨ی شوبات بەشداری بكەن بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، ئێمەیش وەك لایەنە توركمانییەكان بەڵێنمان دا بە تێكڕا بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەین".

لەبارەی وەرگرتنی پۆستی جێگیری سەرۆكی پەرلەمانەوە، سەعدەدین ئاشكرای كرد: "جێگری دووەمی سەرۆكوەزیران پێویستی بە دەركردنی یاسا ھەیە، لەبەر ئەوەش چارەسەری گونجاو بۆ ئێمە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، پارتییش رازیبوونی خۆی پیشان دا لەسەر داواكەی ئێمە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە گرینگە، لەبەر ئەوە چاوەڕێ دەكەین پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ توركمان یەكلا ببێتەوە".

 

قائید میرۆ