Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شیرین ئامێدی بۆ ماڵپه‌ڕی KDP: ١٤هه‌مین كۆنگرەی پارتی جیاواز دەبێت

 

هەولێر-KDP.info- شیرین ئامێدی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وادەی بەستنی كۆنگرەی ١٤ ئاشكرا دەكات. رایشیدەگەیەنێت، بارودۆخ بۆ بەستنی كۆنگرە لەبارە. دەشڵێ، وەك حزبی دایك هەمیشە كۆنگرەكانیان ئەجێندای  نیشتمانی لە خۆ گرتووە، نەك تەنیا حزبی.

پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ١١ی١٢ی٢٠١١ كۆنگرەی سیازدەی بەست، بڕیاریش درا، كە دوای ٤ ساڵ كۆنگرە ببەسترێتەوە، بەڵام بە هۆی ناسەقامگیریی وڵات و شەڕی دژ بە تیرۆریستانەوە، نەتواندرا كۆنگرەی ١٤ لە كاتی خۆیدا ببەسترێت.

شیرین ئامێدی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هەمیشە ئەجێندای كۆنگرەكانی پارتی نەتەوەیی بوون، نەك تەنیا حزبی، كە چۆن گەلی كوردستان بپارێزرێت و چۆن بوارەكانی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵاتی، رۆشنبیری و كەلتووری گەشەیان پێ بدرێت.

بەرژەوەندیی گەل لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە

ئامێدی جەخت دەكاتەوە، پارتی هەمیشە بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمانی لە سەروو هەموو شتێكەوە داناوە، هەربۆیەشە كۆنگرەی ١٤ی لە كاتی خۆیدا نەبەستووە، بەو پێیەی رووداوەكانی چەند ساڵی رابردوو هۆكار بوون، گوتیشی: "پارتی ئەو حزبە نییە، لە هۆڵێكدا كۆنگرە ببەستێت و چەپڵە لێبدرێ و كۆتایی پێ بێنێت، بەڵكوو ئەجێندای كۆنگرەكەمان، دەبێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی خزمەت بە گەل و نشتیمان بكات، وەك چۆن لە رابردووشدا هەمیشە درووشمەكانی كۆنگرە، نەتەوەیی و نیشتیمانی بوون".

كۆنگرەی ١٤ جیاواز دەبێت

شیرین ئامێدی پێیوایە، كۆنگرەی ١٤ جیاواز دەبێت و ئەجێندای كۆنگرەكەش ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەبێت، كە تاوتوێی هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی دەكرێت، هاوكات تا چەند لە رابردووشدا هەوڵی بۆ دراوە، یان حكوومەتی فیدراڵ تا چەند هەنگاوی بۆ ناوە، یا هەنگاوی بۆ دەنێت، یەكێًك لە رێگرییەكانیش لە رابردوودا هۆكاری شەڕی داعش بووە، كە زیاتر پێوەی سەرقاڵ بوون.

كاتی بەستنی كۆنگرەیە

ناوبراو نایشارێتەوە، كاتی بەستنی كۆنگرە هاتووە و دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێویستە لیژنەی ئاماده‌كاری حزب كار بۆ بەستنی كۆنگرەی ١٤ لە كۆتایی ٢٠١٩، یا سەرەتای ٢٠٢٠ بكات، باسی لەوەش كرد، كە پێش دوو ساڵ گفتوگۆ لەبارەی دامەزراندنی لیژنەیەك بۆ بەستنی كۆنگرەكە كراوە.

رۆڵی ئافرەتان و لاوان

هەمیشە سەرۆك مەسعوود بارزانی جەختی لە هێنانەپێشەوەی لاوان و ئافرەتان بۆ ناوەندی بڕیار كردووەتەوە، لە كۆنگرەكانیشدا هەمیشە ئەو توێژانەی حزب هاتوونەتە پێشەوە، شیرین ئامێدی وای گوت. نموونەش بەوە دێنێتەوە، سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی حزب و مەرجەعێكی نەتەوەیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە كۆنگرەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستاندا رەخنەی لە كەمیی ئافرەت لەو رێكخراوەدا گرت.

وەك ئامێدی ئاماژەی دا، لە كۆنگرەی پێنجەمی پارتیدا رێ بە ئافرەت دراوە بگاتە سەركردایەتی، هەروەها لەسەر كاری حكومڕانییش تیشك دەخاتە سەر ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كە رێژەی گەنج تێیدا زۆرن و ئەوانیش لە لایەن پارتییەوە كاندید كراون، كە رێیان پێ دراوە رۆڵی خۆیان ببینن، هاوكات لەسەر ئاستی حزبیش لە كۆنگرەی ١٣دا، لاوان و ئافرەتان بۆ سەركردایەتیی حزب سەركەوتن، كە ٥ـیان ئافرەت بوون.

 

خێڵان بەختیار