Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئه‌مشه‌و ھێزێكی سوپای عێراق گەیشته‌ شارۆچكەی مەخموور

مەخموور-KDP.info- شەوی رابردوو، ھێزێكی سوپای عێراق گەیشتووەتە شارۆچكەی مەخموور و قایمقامی مەخمووریش دەڵێ، جێگیركردنی ئەو ھێزەی فیرقەی چواردەی سوپای عێراق، بۆ جێگرتنەوەی ھێزەكانی پێشووە، كە بڕیارە رەوشی مەخمووریش ئاسایی بكرێتەوە.

شارۆچكەی مەخموور، لە ساڵی ١٩٩٦ بە بڕیارێكی رژێمی بەعس لە ڕووی ئیدارییەوە خراوەتە سەر پارێزگای نەینەوا، كە پێشتر سەر بە پارێزگای ھەولێر بوو و، یەكێكیشە لەو ناوچانەی دەكەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقەوە.

رزگار محەمەد، قایمقامی مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شارۆچكەی مەخموور دەكەوێتە چوارچێوەی ئەو ناوچانەی پێشتر بەر پڕۆسەی داگیركاریی ١٦ی ئۆكتۆبەر كەوتوون، بڕیاریشە لەگەڵ ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، رەوشی مەخمووریش ئاسایی بكرێتەوە".

لەبارەی ئەو ھێزانەی ئێستا لە مەخموورن، قایمقام ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئاڵوگۆڕی ھێز لە سنووری شارۆچكەی مەخموور نەكراوە، بەڵام لە درەنگانی شەوی رابردووەوە ھێزێكی نوێی سوپای عێراق گەیشتووەتە مەخموور و بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، ئەو ھێزە سەر بە فیرقەی ١٤ی سوپای عێراقە و دەبێتە جێگرەوەی ئەو ھێزانەی لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٧ بەدواوە لە شارۆچكەی مەخموور جێگیر كراون".

 

قائید میرۆ