Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نووری حەمەعەلی: پێشمەرگە بۆ پاراستنی خەڵك ده‌گەڕێتەوە.. وردەكارییەكان ماون

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی میحوەری كەركووك - پردێی ھێزی پێشمەرگە گوتی، لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر وردەكاریی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت تا ھێزی ھاوبەش پێك بهێندرێت، گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیش بۆ ناوچەكە، بەرھەمی سەردانی سەرۆك بارزانییە بۆ بەغدا.

نووری حەمەعەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە بۆ پاراستنی خەڵك، ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە، بەڵام ھێشتا وردەكارییەكان ماون لەسەری بگەنە رێككەوتن و گفتوگۆكان بەردەوامن، سەرۆكوەزیرانیش سەردانی بەغدای كردووە و وەزیری پێشمەرگەشی لەگەڵ خۆی بردبوو، بۆیە رەنگە لەم ھەفتەیەدا ھەندێك شت ڕوون ببێتەوە".

حەمەعەلی گوتیشی: "گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، بەرھەمی سەردانی سەرۆك بارزانییە بۆ بەغدا، كە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامی دا و ئێستا بەرھەمەكەی دەردەكەوێت، بۆیە پێویستە ھەموو ئەو شوێنانە دیاری بكرێن كە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ھاوبەشی بەڕێوەی ببەن".

دەشڵێ، ھێزەكانی عێراق لە شەقام بەولاوە، ناتوانن ھیچ شوێنێكی دیكە بپارێزن، بۆیە پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، بۆ ئەوەی خەڵك پارێزراو بن، چونكە جموجۆڵی داعش زۆر زیادی كردووە و بە بەردەوامی كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

 

بڵند ئیبراھیم