Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەدی حاجی مەحموود: پێگەی بارزانی لە هەموو كاتێك بەهێزترە

 

هەولێر-KDP.info- محەمەدی حاجی مەحموود رایدەگەیەنێت، سەرەڕای نەمانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، بارزانی پێگەی لە هەموو كاتێك بەهێزترە، سەبارەت بە كابینەی داهاتووش، پێیوایە دەبێت سیاسەتێكی نوێی ئابووری بۆ هەرێم دابڕێژرێتەوە.

محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری گشتیی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان، لە میانەی دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رۆژنامەی هەولێر، سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، رایدەگەیەنێت، كە دەبێ كورد زۆر وریا بێت و ئەو كێشانەی لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق و ناوچەكەدا هەن، لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی و ئامانجەكانیدا بیقۆزێتەوە، پێیشی وایە نابێ ئەو كێشانەی كە هەن، بە ئاسایی وەربگیردرێن.

سكرتێری گشتیی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان، رۆڵی سەرۆك مەسعوود بارزانی بە بەهێز ناو بردووە و گوتوویەتی: "ڕۆژ بە ڕۆژ لە چاوی دنیا و وڵاتانی عەرەبیدا پێگەی بارزانی زۆر بەهێزتر بووە، ئێستا كوردستان بووەتە سەنتەرێكی دیار، كە هەموو لایەك ڕووی تێدەكەن و دێنەوە لای سەرۆك بارزانی بۆ ڕاوێژكردن، ئەوەیان جێگای دڵخۆشییە كە نەك هەر بێگانەكان، بەڵكوو ئێران و وڵاتانی عەرەبییش دێنەوە كوردستان، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە كە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بە كۆتا نایەت".

محەمەدی حاجی مەحموود هیواخوازیشە، كابینەی دابێت، كە بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی پێك دەهێندرێت، بتوانێت ئەركە قورسەكانی خۆی جێبەجێ بكات، ئەو تیشكیش دەخاتە سەر گرینگیی ئەركەكانی كابینەكە، وەك داڕشتنی سیاسەتی نوێی ئابووری و بایەخدان بە سێكتەرە گرینگەكانی تەندروستی و پەروەردە و كشتوكاڵ و وەگەڕخستنەوەی كارگەكان، بەو پێیەی كاریگەرییان لەسەر بووژاندنەوەی ئابووریی كوردستان هەیە.