Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەشێكی دیكەی شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ, كارەكانی بەشی دووەمی پڕۆژەی شەقامی بازنەیی 120 مەتریی شاری هەولێر كە لە شەقامی كەسنەزانەوە بۆ شەقامی كەركووكە بە تەواوی كۆتاییی پێ هاتووە و لە دوو هەفتەی داهاتوودا شەقامەكە لە خزمەتی شۆفێراندا دەبێت.

نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان, بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كارەكانی بەشی دووەمی پڕۆژەی شەقامی بازنەییی 120 مەتریی شاری هەولێر كە لە شەقامی كەسنەزانەوە بۆ شەقامی كەركووكە بە تەواوی كۆتاییی پێ هاتووە و تەنیا ماوە مەڕاسیمێكی بۆ ڕێك بخەین و لە دوو هەفتەی داهاتوودا شەقامەكە لە خزمەتی شۆفێراندا دەبێت."

پێوەست بۆ كۆتا قۆناخی پڕۆژەكە، نەورۆز مەولود ئاشكرای كرد: "كاركردن لە قۆناخی كۆتاییی شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر دەستی پێ كردووە كە لە شەقامی كەركووكەوە بۆ شەقامی مووسڵە. ئەویش بۆ سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ تەواو دەكرێت و، كۆتایی بە پرۆژەی شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر دێت كە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی شارەكەیە."

دەربارەی كارەكانی شەقامی بازنەییی 150 مەتریی شاری هەولێر، وەزیری شارەوانیی حكوومەتی هەرێم ئاشكرای كرد: "كاركردن لە پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی شاری هەولێر دەستی پێ كردووە و ئامێرەكان لەسەر كارن و لە چەند شوێنێك خەریكی ڕاستكردنی زەویەكەین. تەنیا ماوە پێداچوونەوەی كۆتایی بە نەخشەی شەقامەكەدا بكرێت و بە تەواوی پەسەند بكرێت و دەست بە دروستكردنی شەقامەكە بكرێت."

شەقامی 120 مەتریی هەولێر، سێ‌ قۆناخە، بەشی چەماوەییی شەقامی كەركووك، تاوەكو شەقامی مووسڵ كە 11 كیلۆمەترە، دوو بەشە چەماوەكەی دیكەیشی، یەكێكیان 16 كیلۆمەترە و لە ڕێگەی مووسڵەوە تاوەكو ڕێگەی سەرەكیی شەقڵاوەیە، لەوێشەوە 11 كیلۆمەترەكەی كۆتایی تاوەكو ڕێگەی كەركووكە."

سەرباز واحید