Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێڤینگ ھرووری: پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی یەكلا بوونەتەوە

 

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ،  دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەسەر لایەنەكاندا، یەكلا بووەتەوە و چاوەڕێ دەكەن ئەو لایەنانە كاندید بۆ ئەو سێ پۆستە رەوانە بكەن.

رێڤینگ ھرووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دوای دیاریكردنی وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، پارتی رازی بووە كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی و جێگری یەكەم بۆ پارتی و جێگری دووەمیش بۆ پێكھاتەكان بێت، بۆیە دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی یەكلا بووەتەوە و چاوەڕێ دەكەین لایەنەكان كاندید بۆ ئەو پۆستانە رەوانە بكەن".

ھرووری گوتیشی: "ناوی كۆمەڵێك كەس بۆ ھەر سێ پۆستی سەرۆكایەتی دەھێندرێت، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ھیچ ناوێك پێشكەشی ئێمە نەكراوە و تاوەكو ناویشمان بۆ رەوانە نەكرێت، لای ئێمە نابێتە فەرمی، هەروەها تا ئێستاش دیار نییە پێش كۆبوونەوە ناوی كاندیدانمان بۆ رەوانە دەكرێت یاخود لەناو كۆبوونەوەدا، بەڵام ئێمە ٤٨ سەعات پێش كۆبوونەوەكە، ھەموو ئەندامان ئاگادار دەكەینەوە و بانگھێشتیان دەكەین بۆ كۆبوونەوە".

دەشڵێ، بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر ئاسانە لە ماوەی یەك سەعاتدا كاندید بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكات و ھیچ كێشەیەكی نییە، چونكە پارتی ھیچ كاتێك دیاریكردنی كاندید بۆ ھیچ پۆستێك بە كێشە نازانێت و ھەر كاتێك بیەوێت، دیاری دەكات.

 

بڵند ئیبراھیم