Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاخەوان عەبدوڵڵا: بەغدا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی هێرشەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر ناعەقڵانی بووە

كەركووك-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەڵێ، كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا بەردەوامە و، بەرپرسانی بەغدا گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی كە هێرشەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر ناعەقڵانی بووە. ناتوانرێ كەركووك لە غیابی یاسا و ئیدارە و دەسەڵات بەڕێوە ببرێت .

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك لە كارەكانی بەردەوامە و حەفتەی ڕابردوو لەگەڵ ئەو بەرپرس و كاربەدەستانەی بەغدا كۆبوونەوەمان كردووە كە دەتوانن ڕۆڵیانن هەبێت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكەدا. دۆخێكی ئەقڵانی بۆ بەرپرسانی بەغدا هاتووەتە پێش بەوەی كە كەركووك ناتوانرێ لە غیابی یاسا و ئیدارە و دەسەڵاتدا بەڕێوە ببرێت، بەسەربازیكردنی ئەو شارە زیانی بە هەموو پێكهاتەكان گەیاندووە. سوودمەند تەنیا تیرۆریستان بوون كە جووڵەیان لە ناوچەكانی ئەو شارە زیادی كردووە."

پێوەست بە ئەنجامی كۆبوونەوەكانیان، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشكرای كرد: "هەنگاوی باش نراوە و ئومێد دەكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. دەبێ لە ڕێگای ماددەی ١٤٠ كێشەی كەركووك یەكلایی بكرێتەوە و پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنەكانی خۆی و بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق دەرەوەی شارەكە بپارێزن و دەزگا ئەمنییە خۆجێییەكانیش ناوشار بپارێزن. بەرپرسانی بەغدا گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی كە هێرشەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر نائەقڵانی بوون. چونكە ناكرێ خەڵكێك لە بەسڕە و دیوانییەوە بێت و هاوشێوەی پێشمەرگە و خەڵكی شارەكە كەركووك بپارێزێت. چونكە پێشمەرگە خەڵكی شارەكەن و لە پێكهاتە و جوگرافیای شارەكە شارەزان."

وەزارەتی پێشمەرگە و حكوومەتی ناوەند پێنج لیژنەی ناوچەییان دامەزراندووە بۆ هەماهەنگی و ئاساییكردنەوەی دۆخی سەربازی. لیژنەیەك بۆ ناوچەكانی پارێزگای سەلاحەدین، لیژنەیەك بۆ كەركووك، لیژنەیەك بۆ مەخموور و لیژنەیەكیش بۆ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی مووسڵ. لەوبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: " كەركووك چەقی كێشەكانە، ئاخر ئەگەر كێشەی كەركووك چارەسەر كرا دەبێتە نموونەیەك و تۆماتیكی دۆخی ناوچەكانی تریش بە هەمان شێوە چارەسەر دەكرێن."

سەرباز واحد