Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی و باڵیۆزی سریلانكا، رەوشی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد

 

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 6/2/2019، پێشوازیی لە نرانجان ئاران سینگا، باڵیۆزی سریلانكا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد. لەم دیدارەدا كە كۆنسووڵی فەخریی سریلانكا لە هەولێر ئامادەی بوو، پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و پەرەسەندنی رەوشی ناوچەكە تاوتوێ كران.

مەسروور بارزانی، جەختی لە پەرەپێدان و پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان كردەوە و رایگەیاند، هەرێمی كوردستان خوازیارە بە مەبەستی گۆڕینەوەی ئەزموون و تێكەڵاویی كلتوور و فەرهەنگ، پەرە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ گشت وڵاتانی جیهان بدات.

لەم دیدارەدا، باڵیۆزی سریلانكا باسی لەوە كرد، كە وڵاتەكەی بە گرینگییەوە دەڕوانێتە پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا و پشتگیری لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكان دەكات و رایگەیاند، ئەو رۆڵ و پێگە و ئاسایشەی بەرقەرارە، هۆكارن وڵاتەكەمان بە بایەخەوە بڕوانێتە هەرێمی كوردستان.

تاوتوێكردنی رەوشی گشتیی ناوچەكە و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.