Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵەی دووبارە

 
ئاریان فەرەج
 
ساڵی دووهەزار و یازدە، هێزە سەرەكییەكانی ئەمریكا لە عێراق كشانەوە، ئەوانەی بە ناوی ئیستقلالی نیشتمانییەوە هاندەری ئەو كشانەوە ناوەختە بوون، روداوەكەیان بە گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ عێراق ناوزەد كرد، بەڵام ئەو كشانەوە و هەڵە ستراتیژییە، كۆی سەروەری و ئەمنیەتی عێراقی خستە بەردەم گەورەترین مەترسی، داعش سەریهەڵدا و سێیەكی عێراقی داگیركرد، كاتێكیش گەیشتە تخوبەكانی بەغدا، هەر خودی ئەو بەناو نیشتمانخوازانە بە پەلە هانایان بۆ ئەمریكا برد تا هێزەكانی بگەڕێنێتەوە و بەفریایان كەوێت. 
 
ئێستاش جارێكی دیكە هێزگەلێك لە بەغدا كە لە رووی ئایدیۆلۆجی و پابەندیی ئیقلیمییەوە چارەی ئەمریكایان ناوێت، بە ناوی دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق، خەریكی گەڵاڵەكردنی پرۆژە یاسایەكن لە ئەنجومەنی نوێنەران كە مەبەست لێی تەنیا دەرپەڕاندنی هێزەكانی ئەمریكایە . هەنجەتی بە ئاشكرای ئەم هێزگەلە ئیدیعای سەركەوتنی عێراق و شكست و كۆتاییهاتنی داعشە و ئەوەش گوایە بەهانەیەك بۆ مانەوەی هێزی بیانی لە عێراق ناهێڵێتەوە. بەڵام هەڵبەت پاڵنەری راستەقینەیان ئەوە نییە بەڵكو هەڵوێستی سیاسییانە لە ئەمریكا بە تایبەت پاش ئەوەی حكومەتی ئەمریكا ئامانج لە مانەوەی هێزەكانی لە عێراق بەم دواییە رونتركردۆتەوە. 
 
دەنا ئەو داعشەی بە قسەی ئەوان كۆتاییهاتووە، ئەگەری سەرهەڵدانەوە و هەراشبوونەوەی لەهەر كات زیاترە، لەو رۆژەوەی عەببادی رایگەیاندووە كە شكاون و نەماون، بەسەدان كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامداوە، راپۆرتە ئەمنییەكان ئەگەری خۆرێكخستنەوە و بەهێزبونەوەی داعش و تەنانەت داگیركردنەوەی ناوچەكانیش وەك مەترسیەكی جددی باس دەكەن. جگە لەوەی هۆكارە جۆراوجۆرەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندرۆیی لە عێراقدا هەر وەك خۆیان ماون و زەمینەی لەبارن بۆ دووبارە هەراشبونەوەی داعش و هاوشێوەكانی، بۆیە عێراق بە هەموو پێوەرێك هێشتا دوورە لە سەقامگیری و دڵنیایی ئەمنی. 
 
بۆیە ئەگەر مەبەستی راستەقینەی ئەو هێزگەلەی لەم ناوەختەدا دەیانەوێت هێزی ئەمریكا دەرپەڕێنن، بەرژەوەندی و ئەمن و ئیستقراری عێراق بێت، ئەوا كارێكی لەو جۆرە لەم هەلو مەرجەدا جگە لە زیانگەیاندنی كوشندە بە بەرژەوەندی و ئەمن و ئیستقراری عێراق و ناوچەكە و جگە لە بەهێزكردنەوەی داعش، ئەنجامێكی دیكەی نابێ. دووبارەكردنەوەی هەڵە ستراتیژیەكەی دووهەزار و یازدە، هەمان كارەساتی رابردوو بەسەر عێراقدا دێنێتەوە.