هەولێر-KDP.info- سەركردەیەكی پارتی رایدەگەیەنێت، لە هەفتەی دابێت دەست دەكرێت بە هەنگاوی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دووپاتیشی دەكاتەوە، هەماهەنگی و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچەیە، پەیوەستە بە سەردانەكەی سەرۆك بارزانییەوە.
دووشەممە ٤ی٢، شاندێكی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و لەسەر دیاریكردنی لیژنەیەك رێككەوتن، وەك نووری حەمەعەلی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی و بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك ئاماژەی دا، هەنگاوی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەپێی بڕیاری ئەو لیژنە دەبێت.
بەرپرسەكەی میحوەرەی رۆژئاوای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە رۆژانی ئایندەدا لیژنەی دیاریكراو بڕیار دەدات، مەیدانییەن ئەو شوێنانەی پێویستن هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراقدا لەوێ بن بۆ پاراستنیان، لە هەفتەی دابێت بە زووترین كات بڕیاری لێ دەدرێت.
ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی، بڕیاری ئەو لیژنەیش بە هاوكات لەگەڵ ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسیی شاری كەركووك و گەڕانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و گەڕانەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵكردنی ئاڵاكانیان لەسەر بارەگاكانیان، پێكەوە دەبەستێتەوە.
ناوبراو هۆكاری گەیشتنە رێككەوتنێك و بوونی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك، بۆ سەردانەكەی سەرۆك مەسعوود بارزانی دەگێڕێتەوە، كە چووە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسان و كەسایەتی و لایەنە عێراقییەكان كۆبووەوە، جێبەجێكردنی رێككەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراقیش، بە هەنگاو بە هەنگاو ناو دەبات، كە دواتر سەرجەمیان جێبەجێ دەكرێن، كە ئەو شوێنانەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێویستە، ئەوا هەردوولا پێكەوە لە بەرانبەر داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكەدا دەیانپارێزن.
بە گوتەی بەرپرسەكەی پارتی، سەرەتا هەنگاوی ئەو رێككەوتنە بە گەڕانەوەی حەشدی شەعبی و ئەو هێزە زیادانەی كە شەڕكەری ١٦ی ئۆكتۆبەر بوون و لە پیلانەكەشدا بەشدار بوون، دەست پێ دەكات و دەڵێ: "دەبێ ئەو هێزانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و لیوای ٦١ كە راستەوخۆ سەر بە سەرۆكوەزیرانی عێراقن، هاوكات لهگهڵ چەند لیوایەكی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە جێیان دەگرنەوە، ئەویش لە پێناو زیاتر پاراستنی هاووڵاتیانی ناوچەكە بێ جیاوازی".
خێڵان بەختیار