Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە پارێزگاکردنی شنگال و ماناکانی!

د.سالار عوسمان

دوێنێ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی)، لە میانی وتارەکەیدا، کە لە ڕێوەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی میری ئێزیدیان (میر تەحسین بەگ)پێشکەشی کرد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە لە ھەوڵی ئەوەدان شنگال بکەن بە پارێزگا.

ڕێک وەک ھەوڵی سەرکەوتووی بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجە، بە پارێزگاکردنی شنگال- یش ماناگەلێکی فرەڕەھەندی ھەیە و لێرەدا گرنگترینیان دەخەینە ڕوو:

- شنگال، دیرۆک و ڕەسەنایەتی

بۆ کورد، شنگال قووڵاییەکی دیرۆکی ھەیە و ھەمدیس ھەڵگری خەسڵەتی ڕەسەنایەتییە، کەواتە ئەم ھەوڵە بڕیارئامێزەی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ دیرۆک و ڕەسەنایەتی، ھەمدیس ڕەنگدانەوەی ڕوانگاڕوونیی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشە سەبارەت بە ھەردوو چەمکی مێژوو و ڕەسەنایەتی و بایەخەکانی ئەو دوو چەمکە و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی بەسەر دواڕۆژی کوردستاندا.

- ڕێزگرتن لە جیاوازییە ئایینییەکان

لە ڕێگەی بە پارێزگاکردنی شنگال، حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو پەیامە بۆ نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان بنێرێت، کە جیاوازییەکان، لە سەروویشیانەوە جیاوازیی ئایینی مایەی ڕێزلێگرتنە و نەک ھەر نابێ ببێتە مایەی شەڕ و خوێنڕشتن، بەڵکو بە بپچەوانەوە دەبێ ببێتە ھەوێنی خۆشەویستی و تێگەیشتن لە نیعمەتی جیاوازیی، کە خودا بڕیاری لەسەرداوە و بە بەندەکانی بەخشیوە!..

دیارە ئەم تێگەیشتنە ڕۆشنەیش ھی قووڵایی مێژووی کلتووری لێبووردەییە لە کوردستان، کە مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان بووە و بەدرئژایی مێژوو و تا ئێستایش، ئەم کلتووری لێبووردەییە ھێز و جوانی بە کوردستان بەخشیوە و دەبێ تادێ قووڵتریشی بکەینەوە.

- لەبەرامبەر کلتووری سڕینەودا، ژیان و بنیاتنان

کە داعش دێت و کلتووری سڕینەوەی ھەموو ئەوانیتر جگە لە خۆی پیادە دەکات و ژیان تاریک دەکات، حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگەی بەپارێزگاکردنی شنگال بە ھەموو دونیا بڵێت: ھەرێمی کوردستان ھەرێمی ژیان و فرەڕەنگی و بنیاتنانە و لەمپەر و بەربەستەکان ھەر چییەک بن، ھەرێمی کوردستان ھەر ھەڵگری بەیداخی ژیان و بنیاتنانە و ئیتر ئەوە ھەرێمی کوردستان و تێگەیشتنە ڕۆشنەکەیەتی، کە ئاییندەبین ھەنگاو دەنێت و ھیچ تاریکاندنێک ناتوانێ ڕێگر بێت لە بەردەم ڕوئیا ڕوون و فرەڕەنگ و ژیاندۆستییەکەی.

- وەڵامێکی پەیامدار بۆ تیرۆریستان

تیرۆریستان ھەر کێ بن و لە ھەر زەمەن و زەمینێکەوە بێن، داعش بن، یان نا، دەبێ لە پەیامی ژیاندۆستییانەی ھەرێمی کوردستان تێبگەن، کە پەیامی بەپارێزگاکردنی شنگال، واتە تیرۆر دەشکێ و ژیان و ئیرادەی ژیادۆستی سەردەکەوێت، بۆیە دەیڵێینەوە، بەپارێزگاکردنی شنگال وەلامێکە پڕە لە پەیامی مانادار، پڕە لە ئیرادە و ئاگایی و ئاییندەبینیی و پڕاوپڕیشە لە ھێزی ئەقڵانیی شکاندنی تیرۆر و بیری تووندڕۆیی!..

- خودی ئێزیدییەکان خۆشەویستن، قوربانییەکانیان خۆشەویستتر!..

ڕاستە ئێزیدییەکان زۆرینە نین لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام خودان مێژووییەکی پڕ شانازیی و ھەمدیس پڕ ئازار و تراژیدیان، ئەم دوو تایبەتمەندییە:(شانازیی و تراژیدیا)، ئێزیدییەکانی خۆشەویست کردووە، ئەم خۆشەویستییە، ھەم لە نێوخۆی کوردستان و ھەمیش لە دونیای دەرەوە گەورەیی پێ بەخشیون و بۆیە ئێستێ پرسی ئێزیدیان، بوون و مێژوو و ئاییندەیان، یەکێ لە پرسە گەورەکانی نێو نێوەند و ڕێکخراوە سیاسیی و کلتوورییەکانە و تادێش ئەم بایەخە پتر ھەڵدەکشێت، کەواتە بە پارێزگاکردنی شنگال ڕێزگرتنە لە مێژووی ئێزیدییەکان، لە تراژیدیا و قوربانییەکانیان، کە تژییە لە شانازیی و ئازاری قووڵ!..

ئەمانە گرنگترین ماناکانی بەپارێزگاکردنی شنگالە و دڵنیام، گەر حکومەتی عێراق ھاریکار بێت، لە دواڕۆژێکی نزیکدا یەکێ لە پارێزگا ئاوەدان و جوان و مانادارەکانی کوردستان، پارێزگای شنگال دەبێت!..