Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا عەبدولخالق، ورده‌كاری تەقەكردنه‌كه‌ی شەوی ڕابردوو بۆ ماڵپه‌ڕی KDP ده‌خاته‌ ڕوو

 
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕایگەیاند، بۆ نەھێشتنی دیاردەی تەقەكردن و ئەو رووداوانەی بە چەك ئەنجام دەدرێن، پێویستە چەكھەڵگرتن قەدەغە بكرێت. دەشڵێ، ئەوانەی چەكداری حكوومەتن، پێویستە دوای دەوام چەكەكانیان بۆ ماڵەوە نەبەنەوە.
 
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كێشەی شەوی ڕابردووی تەقەكردن لە گەڕەكی ھەولێری نوێ، لە نێوان دوو بنەماڵەدا بوو، لەسەر ئەوەی یەكێك لەوانە پەرتووكێكی لەسەر ھۆزێك دەركردووە و ناوی ئەوانیشی تێنەكردووە، بۆیە ئەوانەی دیكەش ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، هەر لەبەر ئەوە شەڕەتەقە ڕووی داوە و ئێمەش ئەو كەسانەمان دەستگیر كردووە".
 
تەڵعەت گوتیشی: "لەو شەڕەتەقەیەدا ھیچ كەسێك زیانی بەرنەكەوتووە و ئێمەش رێگە نادەین ھیچ كەسێك ئارامیی شار تێك بدات، چونكە ئەو تەقەكردنە دەبێتە ھۆی بێزاركردنی خەڵكی ھەولێر، ئەمەش لای ئێمە قبووڵكراو نییە".
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، هەروەها باسی لەوەش كرد، ھۆكاری ئەو رووداوانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە نزیكەی ٦٠ھەزار چەكدار لە سنووری شاری ھەولێر ھەیە، بۆیە پێویستە دیاردەی چەكھەڵگرتن نەمێنێت.
 
دەشڵێ: "پێویستە ئەو كەسانەی چەكداری حكوومەتن و دەوام دەكەن، دوای دەوام چەكەكانیان لەگەڵ خۆیاندا نەبەنەوە ماڵەوە، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێكی گرینگ بۆ بنبڕكردنی دیاردەی چەكھەڵگرتن، چونكە گەڕان لە ماڵان بە دوای چەكدا، زۆر زەحمەتە".
 
بڵند ئیبراھیم