Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێگات پڕرێبوار

 
ئاریان فەرەج
 
بۆ خۆی وابوو، بۆیەش هەمیشە بە هەموانی دەگووت ئاگاتان لەخەڵک بێت، لە دەرون و گرفت و نارەحەتییەکانیان نزیک بن، دڵنەواییان بکەن، ئێمە بەرپرسیارین لە ئاوارەیی و مەینەتیەکانیان، وەک چۆن بەرپرسیارین لەوەی خەباتی خەڵک بە ئامانج بگات و خوێن و قوربانییان بەفیڕۆ نەچێ. 
 
ئیدریسی نەمر، بەو دنیابینی و ئەخلاقە بەرزە، مەکۆی بەخشینی وورە و تاقەت و هەوێنی کوڵنەدان و بەرگەگرتن بوو لە رۆژە هەرەسەختەکانی دوای نسکۆدا. هەر ئەو وورە بەرز و پڕ بڕوایەش بوو کە شۆڕشی لە نیزکترین دەرفەتدا هەڵگیرساندەوە و سەنگەرەکانی خەباتی دووبارە ئاوەدانکردەوە. 
 
یادکردنەوەی ئیدریس بارزانی تەنیا یادکردنەوەی سەرکردەیەکی تێکۆشەر نییە، بەڵکو بە یادی خۆهێنانەوەی ئەو قەناعەت و پرنسیپانەیە کە ئەو سەرکردە نەمرە کردبونییە رێنومای رێگای ژیان و خەباتی خۆی و دەیویست هەموانیش هەمان رێ بگرنەبەر.
 
ئیدریسی نەمر خاکەسار و پێشمەرگەی مەیدان و هاوخەم و هاوخوانی ئاوارە و لێقەماوانی شۆڕش بوو. هێندەی باری سەختی بەرپرسیاریی وەزعەکەی بەئەستۆوە گرتبوو، هێندە کەم خەو و بێ حەوانەوە و نەسرەوت بوو، هێندە خەمنەخواردووی تەندروستی خۆی بوو، مەرگ زوو زەفەری پێ برد.
 
ئیدریس بارزانی دەیزانی میللەتی کوردی هەژار و کەمدەست و بێ پشت و پەنا، جگە لە باوەش کردن بە خەم و ئازارە هاوبەشەکانی خۆیدا، ئامێزێکی دیکە شک نابات، دەیزانی بە باش و خراپ و چەپ و راستەوە یەک چارەنوسمان هەیە دووژمن هەموومان بەیەک چاو دەبینێ، بۆیە هەمیشە پەرۆشیی ئاشتی و ئاشتوبنەوەی هێزە کوردییەکان و کۆتاییهێنان بە تەفرەقە بوو. لەو پێناوەدا ماندوویی نەناسی و کۆڵینەدا تا دواجار ئەو شەڕ و ئاشوبە بەدبەختانەیەی کوژاندەوە. لەگەڵ کۆی حزبەکانی دیکەدا بنەمای پێکەوەیی و چوارچێوەی خەباتی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانیی داڕشت. دواجاریش لەو زەمینەیەدا بەرەی کوردستانی هاتەوجود کە لاپەڕە پڕشنگدار و پڕ دەسکەوتەکانی دواتری مێژووی گەلەکەمانی نەخشاند. 
 
یادی کاک ئیدریس هەر ساڵێک دەرفەتی دەمەزەردکردنەوەی ئەخلاقە بەرزەکانی شۆڕشگێڕی و بەرپرسیاری و خاکەساری و ئاشتەواییخوازییە، ئەو پرنسیپانەی ئیدریسیان لە ویژدانی هاوسەنگەرانی و لەدڵی نەتەوەی کورددا بە زیندوویی هێشتۆتەوە.