Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا بابەكر: ناردنەدەرەوەی پێشمەرگە بریندارەكان بەردەوامە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ناردنەدەرەوەی پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی داعش بەردەوامە، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە لە ئێستادا زیاتر ئەو پێشمەرگە بریندارانە رەوانە دەكرێن كە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە ھەیە.

لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، ھەزار و ٨٢٥ پێشمەرگە شەھید بوون و زیاتر لە پێنج ھەزار پێشمەرگەی دیكەش بریندار بوون. لەو بارەیەوە، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "پڕۆسەی چارەسەركردنی پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش بەردەوامە، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ھەندێك بە خاوی بەڕێوە دەچێت، ھەر پێشمەرگەیەكی برینداریش زۆر پێویستی بە چارەسەری بەپەلە ھەبێت، رەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە، بە تایبەتی ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە بە مەبەستی چارەسەركردن رەوانەی وڵاتی توركیا و وڵاتانی دیكەی ئەورووپا كراون".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتیشی: "چارەسەكردنی پێشمەرگە بریندارەكان بەردەوام دەبێت، بەڵام رەنگە بە ھۆی باری دارایی حكوومەتەوە ئەو دەستكراوەییەی پێشتر ھەیبوو نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەك وەزارەتی پێشمەرگە ھەموو ھەوڵێكمان بۆ ئەوەیە زۆرترین پێشمەرگەی بریندار، ھەتا ئەوانەی بەر لە شەڕی داعشیش بریندار بوونە، بۆ چارەسەركردن رەوانەی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان بكرێن، تا ئێستا ژمارەیەكی زۆریش نێردراون و چارەسەریان وەرگرتووە".

ھۆڵەندا لە بەرامبەر قارەمانیەتیی پێشمەرگەدا، نەخۆشخانەیەكی وەك دیاری بۆ پێشمەرگە لە شاری ھەولێر دروست كردووە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بكەوێتە كار، كە چارەسەری پێشمەرگە نەخۆش و بریندارەكانیش دەكات، لیوا بابەكر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لیژنەیەكی پزیشكیی تایبەت ھەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە، كە ئەوان پشكنین بۆ پێشمەرگە بریندارەكان دەكەن و بڕیار لەسەر حاڵەتی بریندارییەكە دەدەن، ئێستا ئامادەكاری كراوە بۆ ناردنەدەرەوەی ژمارەیەكی دیكەی بریندار و ھەر كات پارە ھەبێت، ئەوانیش رەوانەی دەرەوە دەكرێن و پڕۆسەكە ھەر بەردەوامە".

قائید میرۆ