Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیاری حوسێن: پارتی بەبێ ئاسایکردنەوەی رەوشی کەرکووک شەرعیەت بە هیچ هەڵبژاردنێک نادات

كەركووك-KDP.info- دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆتاییی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و پارێزگای کەرکووکیش دەگرێتەوە، بەرپرسێکی پارتی دەڵێ، لای ئێمە ھەڵبژاردنەکەی کەرکووک ھیچ شەرعیەتی نییە و لەگەڵ لایەنە کوردەکانی کەرکووکیش ئەو بابەتە یەکلا دەکەینەوە.

جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووکی گەرمیانی پارتی ئاشکرای کرد: "بەبێ ئاساییبونەوەی ڕەوشی کەرکووک پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕازی نابێت، چونکە ئێستا لە کەرکووک دەسەڵات لە دەست میلشیادایە و لە ھەر وڵاتێکدا یاسا نەبێت، ھەڵبژاردن ھیچ مانایەکی نابێت، ئێمە جگە لەوەی دژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکین بێ ئەوەی ڕەوشەکەی ئاسایی بکرێتەوە، پێویستە ھەموو لایەنە کوردەکانیش دژی بوەستنەوە."

دیاری حوسێن لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک دانوستان دەکات بە مەبەستی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەربارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کەرکووک، دەمانەوێ چارەسەرێکیش بۆ ئەو پرسە ببینینەوە و ڕۆژانی ڕابردووش ئێمە وەک پارتی لەگەڵ بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک کۆ بووینەتەوە."

جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک_ گەرمیانی پارتی ڕوونی کردەوە: "ئێمە وەک لایەنە سیاسییەکان داوامان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک، ھێزە سەربازییەکان لە کەرکووک دەربچن و دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی پۆلیس بکرێت."

دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرکاتێک ڕەوشی کەرکووک ئاسایی کرایەوە ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ کەرکووک و ئینجا با ھەڵبژاردن بکرێت، بەبێ سەنگ و پێگەی پارتی لەو شارەدا ھەر ھەڵبژاردنێک بکرێت نە شەرعیەتی پێ دەدەین و نە ھیچ مانایەکیش دەبەخشێت، لەبەر ئەوەی پارتی ھێزی یەکەمی عێراق و ھەرێمی کوردستانە و بەبێ بوونی پارتی ھیچ پڕۆسەیەک سەر ناگرێت."

قائید میرۆ