Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داوا دەکرێ سێ بەنداوی سنووری قەزای مێرگەسۆر تەواو بکرێن

هەولێر-KDP.info- ساڵی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان و تورکیا ڕێک کەوتوون لەسەر دروستکردنی سێ بەنداو، ئەندامێکی لیژنەی سەرچاوەکانی ئاوی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ، داوایان کردووە حکوومەتی بەغدا ھاوکار بێت بۆ دەستپێکردنی ئەو پڕۆژانە و سوودی بۆ ھەرێم و عێراقیش دەبێت.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "بڕیارە سێ بەنداو لە سنووری قەزای مێرگەسۆری سەر بە پارێزگای ھەولێر دروست بکرێن و داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە ھاوکار بێت بۆ دروستکردنی بەنداوەکان، چونکە بەنداوی ھاوبەشن لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان."

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ساڵی ڕابردوو ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تورکیا ڕێک کەوتوون لەسەر ھەندێ پڕۆژەی ھاوبەش و بڕیارە لەو چوارچێوەیەدا سێ بەنداوی ھاوبەش لە سنووری قەزای مێرگەسۆری ھاوسنوور لەگەڵ تورکیا دروست بکرێن، بەڵام دیارە حکوومەتی عێراق زۆر لەگەڵ ئەوەدا نییە پڕۆژەکان بکەونە واری جێبەجێکردنەوە."

فارس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوێنێ لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی عێراق کۆ بووینەتەوە و داوامان لە وەزیر کرد ڕۆڵی ھەبێت لە دەستپێکردنی ئەو سێ پڕۆژە ستراتیژییەدا، چونکە ئەو سێ بەنداوەی مێرگەسۆر تەنیا سوودی بۆ ناوچەکە نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی گشتیدایە و خزمەت بە عێراقیش دەکات، بەتایبەتی ھانی وەزیرمان داوە لەگەڵ لایەنی تورکیا کار بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکان بکرێت."

قائید میرۆ