Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ساڵی ڕابردوو زیاتر لە پێنج ھەزار ڕووداوی ئەمنی لە کەرکووک تۆمار کراون"

کەرکووک-KDP.info- تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیی شاری کەرکووک دانیشتووانەکەی دڵگران کردووە و سەرچاوەیەکی ئەمنیش ڕوونی کردەوە، تەنیا لەساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج ھەزار ڕووداوی ئەمنی لە کەرکووک تۆمار کراون.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شاری کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی ئەمنیی شاری کەرکووک ھەروەک پێشوو ناجێگیرە و بەردەوام شەڕ و ڕووداوی تیرۆر و کوشتن تۆمار دەکرێن، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج ھەزار ڕووداوی جۆراوجۆری ئەمنی لە شاری کەرکووک ڕوویان داوە و بە بەردەوامی ڕۆژانە زیاتر لە دوو ڕووداو تۆمار دەکرێن، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ڕەوشی ئەمنی سەقامگیر نییە و لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە تەواوی ئاڵۆز بووە."

سەرچاوەکەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کە نەیویست ناوی بهێنرێت، ئاشکرای کرد: "دوێنێ بە ھۆی تەقینەوەی بۆمبێک ھێزەکانی حەشدی شەعبی بریندارێکیان ھێناوەتە نەخۆشخانەی کەرکووک و دواتر شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی حەشدی شەعبی و ھێزی دژەتیرۆری عێراق لەبەردەم نەخۆشخانەی کەرکووک ڕووی داوە و لە ئەنجامدا سێ چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی بریندار بوونە، ھەر دوای شەڕەکەش ھێزەکەی دژەتیرۆر چەکدارانی حەشدی چەک کردووە، بەڵام بە ناوبژیوانیی بەغدا دژەتیرۆر چەکەکانی ڕادەستی حەشد کردووەتەوە."

لەبارەی تیرۆرکردنی کادیرەکەی پارتی کە شەوی ڕابردوو شەھید کرا، سەرچاوەکە گوتی: "شەوی ڕابردوو چەکدارانی نەناسراو تەقەیان لە جەبار کاکەیی، کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، کە بەرپرسی ڕێکخراوی موسەلای سەر بە ناوچەی سێی پارتی بووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە، ھێشتا ئەنجامدەرانی تاوانەکە دەستگیر نەکراون،  کاکەیی لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە."

قائید میرۆ