Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: پێویستە رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا بکرێت

هەولێر-KDP.info-  مه‌سروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتیی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سووریا كۆبوونە‌وه‌ و لە دیدارەکەدا مه‌سروور بارزانی رایگەیاند، کە بە پێویست دەزانرێت رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا بکرێت بۆئەوەی مافی گەلەکەیان لە گۆڕانکارییەکاندا جێگیر بکەن.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 16/1/2019 مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (جه‌نه‌ڕاڵ پاتریك رۆبه‌رسۆن) فه‌رمانده‌ی گشتیی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تییه‌كان له‌ عێراق و سووریا و شاندی یاوەری كرد. له‌م دیدارەدا دوا پێشهات و ئەگەرەکانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و قۆناغه‌كانی شه‌ڕی تیرۆریستان تاوتوێكرا، هەرەوەها بیروڕا له‌باره‌ی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌‌كانی تایبه‌ت به‌ رەوشی رۆژهەڵاتی فوڕات لە سووریا ئالوگۆڕ كرا، پەیوەست بەوە مه‌سروور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، کە بە پێویست دەزانرێت رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا بکرێت بۆئەوەی مافی گەلەکەیان لە گۆڕانکارییەکاندا جێگیر بکەن.
هەر لەو دیداره‌ باس لە جموجۆڵ و پەرەسەندنەکانی داعش لە هەندێ ناوچەی عێراق و رۆڵ و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان کرا بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوە و گەشەکردنی زیاتری گرووپە تیرۆریستیەکان و سەقامگیرکردنەوەی عێراق بە گشتی و ناوچە رزگاربووەکان بە تایبەتی.