Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك دەكات، بەڵام پڕكردنەوەی پۆستی وەزارەتە بەتاڵەكان، لە كارنامەی دانیشتنەكەدا نییە.

سەبارەت بە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی كارنامەی دانیشتنەكە، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەیە، ھەروەھا لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری یاسای كۆمپانیاكان و پڕۆژەیاسای ھەمواری یەكەمی یاسای سندووقی گەڕاندنەوەی سامانی عێراق و چەند پڕۆژەیاسایەكی دیكە باس دەكرێت".

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە و كۆتایی بە گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ ھێنا، بەڵام بە ھۆی ناكۆكیی لایەنەكانەوە، هێشتا پڕۆژەیاساكە پەسەند نەكراوە و تا ئێستایش چوار وەزارەتی كابینەكەی عادل عەبدولمەھدی بە بەتاڵی ماونەتەوە، كە بە ھۆی ناكۆكیی لایەنەكانەوە یەكلا نەكراونەتەوە.

هەڵكەوت محەممەد