Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سكرتێری پارتە سیاسییەكانی ئاسیا: ڕۆڵی سەرۆك بارزانی جێی بایەخە

كەمبۆدیا-KDP.info- شاندێكی پارتی، بەشداری لە یەكەمین كۆنفڕانسی دامەزراندنی ئەنجوومەنی كولتووریی ئاسیادا كرد، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوەكەش، بە بایەخەوە باسی لە ڕۆڵی پارتی و سەرۆك بارزانی كرد لە بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی كوردستاندا.

بە بانگهێشتی فەرمیی دەوڵەتی كەمبۆدیا و رێكخراوی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی كولتووری وڵاتانی ئاسیادا كرد.

ڕۆژی 15-1-2019، لە فنۆم پێنای پایتەختی كەمبۆدیا و بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی كەمبۆدیا و جێگری سەرۆكوەزیرانی ئیندەنووسیا و دەیان كەسایەتیی سیاسیی حكوومی و حیزبیی ئاسیا و میوانی ئەورووپایی و ئەمەریكایی، یەكەمین كۆنفڕانسی كولتووریی ئاسیا دەمەزرا و شاندی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، كە عەبدولسەلام عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە سەرۆكایەتیی دەكرد، بەشداری كرد و گوتەیەكی تێدا خوێندەوە، كە باسی كولتووری دەوڵەمەند و لیًَبووردەیی كوردستانی بۆ ئامادەبووان كرد.

جێگای باسە، ئەم ئەنجوومەنە لەلایەن ڕێكخراوی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا، كە ناسراوە بە ئایكاپ (ICAPP)، دامەزراوە و مەبەست لێی لێكنزیكردنەوە و ئاشناكردنی كولتووری گەلانی ئاسیا و جیهانە بە یەكتر و سوودوەرگرتن لێیان بە ئامانجی بەرەوپێشەوەچوون و بەدەستهێنانی ئارامی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە.

لە میانەی ئەو كۆنفڕانسەدا، چەندین پەناڵ ئامادە كرابوون، كە تێیدا باس لە شێواندن و خراپ بەكارهێنانی ئایین و بۆچوونە جیاوازەكان كرا كە گرووپە تونڕۆكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاری دەهێنن و بووەتە هۆكاری مەینەتی و هەژاری.

عەبدولسەلام عەبدوڵڵا، لە گوتارەكەیدا باسی لە پێكەوەژیانی ئاشتانەی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی كرد لە كوردستان و ئاماژەی بە كولتووری لێبووردەیی گەلی كوردستان كرد، كە چۆن لەلایەن حكوومەتە دیكتاتۆرەكانەوە چەوسێندراوەتەوە، بەڵام هیچ كات پەنای بۆ تۆڵەسەندنەوە و كاری تیرۆریستی نەبردووە، بەڵكوو بە پێچەوانەوە هاوكاریی پێشكەش كردون.

عەبدوڵڵا، نموونەیشی بە راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 هێنایەوە كە سوپای عێراق سێ ساڵ پێش ئەو ڕووداوە مێژووییە، 180 هەزاری لە خەڵكی مەدەنیی كوردستان ئەنفال كرد و هەزاران گوندیان خاپوور كرد، بەڵام كاتێك ئەو سوپایە تێك شكا و هەزارانیان بە دیل گیران، بە ڕێزەوە بەڕێ كرانەوە بو لای خێزانەكانیان، دواترین نموونەیش حەوانەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەوەیە، كە لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوە جیاوازەكانی عێراق بە هۆی توندوتیژیی گرووپە توندڕۆكان و هەڕەشەی تیرۆریستانی داعشەوە، پەنایان بۆ هەرێم هێنا.

جێگای ئاماژەیە، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا، بە بایەخەوە باسی لە ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی كرد لە بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و پێشەكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها كوردستانیشی بە نموونەی گەلێكی لێبووردە و خاوەن بەهایەكی بەرزی مرۆڤایەتی ناوزەد كرد، هیوای بەردەوامییشی لە پێشكەوتن و سەقامگیری و گەیشتن بە ئامانجەكانیان، بو گەلی كوردستان خواست.