Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و گۆڕان؛ دەبێ پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ بکرێت

سلێمانی-KDP.info-  پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا جەختیان كردەوە، دەبێت پەلە بكرێت ‌و چیدی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت ‌و رێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران دوا نەخرێت.

دەقی راگەیاندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان:

لە درێژەی بەڕێوەچوونی هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ‌و خێراتركردنی گفتوگۆكان لەسەر بەرنامەی كابینەی نۆیەم ‌و پێكهاتەكەی، رۆژی 15ی1ی 2019، شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە.

كۆبونەوەكە لە كەشێكی بەرپرسیارانە‌و بە گیانی كاری هاوبەش ‌و پێكەوەیی لە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت لەسەر بنەمای تێگەیشتنی تەواو ‌و وەك، هەردوولا لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری چاكسازی بنەڕەتی ‌و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی، بەڕێوەچوو.

هەردوولا، كۆكبوون لەسەر بوونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكان ‌و بۆ ئەو مەبەستەش بریاردراوە هەردوولا دوو لیژنە دروست بكەن، بۆ یەكخستنی روانگەی بزووتنەوەی گۆڕان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر كارنامەی حكوومەت ‌و لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكوومەت. هەردوولا جەختیان كردەوە لەوەی، دەبێت پەلە بكرێت ‌و چیدی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت ‌و رێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران دوا نەخرێت.