Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دامەزراندن، دەرچووانی ساڵی ٢٠١٦ دەگرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین گوتی، ناوی سەرجەم دەرچووانی پلە یەکەکانی سەرئاستی زانکۆ و پەیمانگەکان کە تا ئێستا دانەمەزراون ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراون، کە ھی سێ ساڵن، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران تەنیا ڕەزامەندیی لەسەر دەرچووانی ساڵی ٢٠١٦ داوە و چاوەڕێن ڕەزامەندی لەسەر ئەوانەی دیکەش بدات.

ئەنجومەنی وزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دواین کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دامەزراندنی دەرچووانی پلە یەکەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکانی دا، کە تا ئێستا دانەمەزراون، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدینیش دەڵێ، ئێستا بڕیارەکە تەنیا دەرچووانی ساڵی ٢٠١٦ دەگەرێتەوە.

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، د. ئەحمەد دزەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە ناوی ھەموو دەرچووانمان  بەرز کردووەتەوە کە لەسەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان لە پلەکانی یەکەمدان، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان تەنیا ڕەزامەندیی لەسەر ناوی دەرچووانی یەک ساڵ داوە، ئەویش دەرچووانی ساڵی٢٠١٥_ ٢٠١٦یە."

د. ئەحمەد دزەیی گوتیشی: "لای ئێمە تا ئێستا ناوی دەرچووانی ساڵەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دانەمەزراون و ئێمەش بە نووسراو ھەموو ناوەکانمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و چاوەرێین ڕەزامەندی لەسەر ئەوانەی دیکەش بدرێت، بەڵام ئێستا تەنیا ڕەزامەندی لەسەر ھی ساڵێک دراوە."

بڵند ئیبراھیم